ژمارەی ئاوارەکانی قەرەباخ گەیشتە زیاتر لە 70 هەزار کەس و ژمارەکە لە هەڵکشاندایە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئازەربایجان داوای لە دانیشتوانی ئەرمەنی لە ناوچەی قەرەباخ کرد کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگەی “فرە نەتەوەیی” ئازەربایجان بن، هاوکات دەیان پاس بەرەو پایتەختی ناوچەکە بەڕێکەوتن بۆ گواستنەوەی ئەو کەسانەی بەرەو ئەرمینیا دەڕۆن.

لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەوە نزیکەی 40 پاسی سەر بە حکومەتی ئەرمینیا لە ڕێڕەوی لاچین بەرەو پایتەختی ناوچەی قەرەباخ رۆشتوون، بۆ گواستنەوەی ئەرمەنییەکانی ناوچەکە کە ئامرازی گواستنەوەیان بۆ ئەرمینیا نییە.

ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 70 هەزار کەس

حکومەتی ئەرمینیا ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ئاوارەکان لە پارێزگاکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵات تەرخانکردووە و ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 70 هەزار کەس.

لەو چوارچێوەیەدا باکۆ داوای لە دانیشتوانی ئەرمەنی ناوچەی قەرەباخ کرد کە ئەو شوێنانە بەجێ نەهێڵن کە تێیدا دەژین و ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئازەربایجانی فرە نەتەوەیی.

ئەمەش لە بەیاننامەیەکدا هات کە وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستانەوە ئاراستەی ئازەربایجان کراوە.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەگەر بەشێک لە دانیشتووانی ئەرمەنستان نایانەوێت لەژێر یاسا و حوکمڕانی ئازەربایجاندا بژین، ناتوانین ناچاریان بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە دانیشتوانی ئەرمەنەکان دەکەین ئەو شوێنانە بەجێنەهێڵن کە تێیدا دەژین و ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەی ئازەربایجانی فرە نەتەوەیی.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر پێویستی ئەرمینیا کراوەتەوە کە ڕێگری لە پرۆسەی یەکخستنی دانیشتوانی ئەرمەنستان لە قەرەباخ لەگەڵ ئازەربایجان نەکات، لەبری ئەوە سەرنجی لەسەر تەواوکردنی دانوستانەکانی ڕێککەوتنی ئاشتی لەسەر بنەمای یەکپارچەیی خاک و سەروەری هەردوو وڵات بێت.

لە بەرامبەردا مۆسکۆ وتی: کە هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ ئەوەی ئەرمەنییەکان هەڵبێن لە ناگۆرنۆ-قەرەباخ، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو تۆمەتانەی پاکتاوی نەتەوەیی ڕەتدەکاتەوە کە یەریڤان دژی باکۆی خستووەتە ڕوو.

دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند، ناتوانین بڵێین کێ تاوانبارە (لە کۆچکردنی بەکۆمەڵ)، چونکە هیچ هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو جۆرە کارانە نییە.

دەسەڵاتدارانی ئەرمەنی چاوەڕێ دەکەن 120 هەزار کەس ئاوارە بن

بەڵام کرێملین ئاماژەی بەوەدا کە لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی مرۆیی ناوچەکە دەکەن، جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزی ئاشتیپارێزی ڕووسیا هاوکاریی دانیشتووانی ناوچەکە دەکات.

دەسەڵاتدارانی ئەرمەنی چاوەڕێ دەکەن 120 هەزار کەس ئاوارە بن.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە ئازەربایجان کردووە رێگە بدات چاودێریی نێودەوڵەتی سەردانی ناگۆرنۆ – قەرەباخ بکات تاوەکو دۆخی مرۆیی هەرێمەکە ببینن، بەڵام تائێستا ئازەربایجان رازی نەبووە.

ناریک میکرچیان، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەرمینیا دەڵێت، لە چەند رۆژی رابردوودا، پلاتفۆرمێکمان دامەزراندووە بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیانمان لە ناگۆرنۆ – قەرەباخ و تۆمارکردنی پێداویستییەکانیان. تائێستا زیاتر لە سێ هەزار داواکاری پێشکێشکراوە. هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییانە دەکەین تەواوی پێداویستییەکان دابین دەکەین.

هەرێمی ناگۆرنۆ – قەرەباخ، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەر بە بەشێک لە خاکی ئازەربایجان بینراوە، سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 1991وە جیابووەتەوە و ئەرمەنە جوداخوازەکان کۆنترۆڵیان کردبوو.

له‌ 19ی ئه‌یلولدا ئازه‌ربایجان ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له‌ قه‌ره‌باغ ده‌ستپێكرد بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌زمی ده‌ستور.

یه‌ریڤان ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی به‌ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ئه‌رمینیا وه‌سفكرد و ڕه‌تیكرده‌وه‌ هیچ هێزێكی ئه‌رمه‌نی له‌ قه‌ره‌باغ هه‌بێت، له‌ 20ی ئه‌م مانگه‌ش له‌ ڕێگه‌ی نێوه‌ندگیری هێزه‌كانی ئاشتیپارێزی ڕوسیا ڕێككه‌وتنی ئاگربه‌ست كرا.

له‌ 24ی ئه‌یلولدا به‌شێك له‌ دانیشتوانی ناوچه‌ی قه‌ره‌باغ ده‌ستیانكرد به‌ جێهێشتنی خاكی ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌و ئه‌رمینیا به‌ڕێكه‌وتن، له‌ شاری گۆرسی ئه‌رمینیا له‌سه‌ر سنوری قه‌ره‌باخ، ناوه‌ندێك بۆ داڵده‌دانی ئاواره‌كان كرایه‌وه‌، كه‌ ڕێگاكه‌یان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاشتیپارێزی ڕوسیاوه‌ پارێزراوه‌ و سوته‌مه‌نی و خۆراك و چاودێری ته‌ندروستی بۆ دابینكراوه‌.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا