عیماد ئەحمەد: ئەم سەركەوتنەی یەكێتی وەفای خەڵكی ئەو ناوچانە بوو بۆ مامی رێبەرمان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری (ی.ن.ك) پەیامێكی بەبۆنەی سەركەوتنی یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەتایبەتی لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەم سەركەوتنەی یەكێتی كە سەركەوتنی كورد و كوردستانییانی كەركوك و خانەقین و خورماتوو و مەخمور و شەنگال و یەك بەیەكی خەڵكی ئەو ناوچانە و تەواوی خەڵكی كوردستانە، بەرهەمی كاری دەستەجەمعی یەكێتییانە و رێبەرایەتی و سەركردایەتییەكی توندوتۆڵ و جیاوازە، وەفای خەڵكی ئەو ناوچانە بوو بۆ مامی رێبەرمان.

دەقی پەیامەكە:

بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامە رەسمی و بەراییەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عیراق، گەرمترین پیرۆزبایی ئەم سەركەوتنە گەورەیەی گەلی كوردستان و یەكێتی لە خەڵكی كوردپەروەری ئەو ناوچانە و كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و تێكۆشەران و هێزە ئەمنییەكان و لاوانی ماندوونەناس و تەواوی رۆڵەكانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە و ئەم حزبە قوربانیدەرە دەكەین، پیرۆزبایی لە رۆحی شادی رێبەری گەورەی كوردایەتی مام جەلال دەكەین كە هەتاسەر خەمخۆری نەگۆڕی خەڵكی ئەو ناوچە كوردستانییانە بوو.

ئەم سەركەوتنەی یەكێتی كە سەركەوتنی كورد و كوردستانییانی كەركوك و خانەقین و خورماتوو و مەخمور و شەنگال و یەك بەیەكی خەڵكی ئەو ناوچانە و تەواوی خەڵكی كوردستانە، بەرهەمی كاری دەستەجەمعی یەكێتییانە و رێبەرایەتی و سەركردایەتییەكی توندوتۆڵ و جیاوازە، وەفای خەڵكی ئەو ناوچانە بوو بۆ مامی رێبەرمان، هەروەك چۆن زادەی كۆنگرە و خۆڕێكخستنەوەیەكی بە پلان و كارا و سەردەمێكی نوێی مایەی هیوایە، بەڵام وەك مام فەرمووی: نابێت لەسەر چەپكەگوڵی دەسكەوتەكان خەومان لێ بكەوێت.

لێرەدا گرنگە سەركەوتن و دەسكەوتە حزبی و دیموكراسییەكان بۆ دەسكەوتێكی عیراقی و كوردستانی و نیشمانییانە تەرجومە بكەین و برایەتی و پێكەوەهەڵكردن و پێكەوەژیان و كاركردنێكی كاریگەر لەگەڵ پێكهاتە گرنگ و رەسەنەكانی ئەو ناوچانەدا بهێنینە ئاراوە، هەروەك چۆن گرنگە ئەو سەركەوتنە ببێتە هەوێنی هاوكاری و هاوخەباتی هێزە كوردستانییە بەرپرسیارەكان و مایەی كۆكردنەوە و یەكبوونی كودستانییانە و عیراقییانەمان بێت و ببێتە ئیلهامبەخش بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنی ئاوا بەرچاو لە داهاتووی نزیكی عیراق و هەرێمی كوردستاندا، لەپێناوی خزمەتكردنی خەڵكی بەوەفای خۆمان، كە دەركەوت وێڕای نیگەرانییەكانیان بەڵام لە تەنگانەدا هەرگیز پشت لە هێزە رەسەن و خەباتگێڕەكانی خۆیان ناكەن.

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری

ی.ن.ك

عیماد ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا