لاهور شێخ جەنگی: دەستوور بۆ هەمووانە نەك تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە

پۆڵەتیك پرێس

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی رایگەیاند: كاری زیاتر دەكەین بۆ پتەوكردنی كۆڵەكەكانی دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان، جەختیش دەكاتەوە دەستووری هەرێمی كوردستان بۆ هەمووانە نەك تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە و پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەكی نوێ و پسپۆڕەوە بنوسرێتەوە كە تەنها بەرژەوەندیی گشتی تێدا ڕەچاو بكرێت.

ئەم وتانەی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە میانی پێشوازیكردن و كۆبوونەوەی هات لەگەڵ مارتن هوس باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق و ڤێنسنت گیووم پۆپۆ لێپرسراوی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان، كە رۆژی پێنج شەممە 27ی ئایار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

هاوسەرۆكی یەكێتی و شاندی یەكێتی ئەوروپا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد سەبارەت بە پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و پرسی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن.

لای خۆیەوە هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی كردەوە لەسەر گرنگیی چڕكردنەوەی هەوڵەكان لە پێناو چالاككردنی پڕۆسەی سیاسی و گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ زاڵبوون بەسەر كێشە و گرفتەكان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەكان.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا لاهور شێخ جەنگی و شاندی یەكێتی ئەوروپا باسیان لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی كرد و پابەندكردنی هەردوولایان دووپاتكردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و پەنابردنە بەر دەستوور و ڕێككەوتنە ئیمزاكراوەكانی نێوانیان.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و فراوانكردنی پانتایی ئازادی ڕادەربرین و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، دووپاتیانكردەوە كە سەربەخۆیی دادگا لە كەیسی سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان بپارێزرێت.

هاوسەرۆكی یەكێتی، هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ پشتیوانیكردنی میدیای ئازاد و پشتگیریكردنی چالاكوانان، هەر بەو پشتیوانییەش سلێمانی بووە بە شوێنی لەدایكبوونی ئازادی و میدیای ئازادی كوردستان.

لەبارەی دەستووری هەرێمی كوردستان لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی جەختی كردەوە كە دەستوور بۆ هەمووانە نەك تەنها بۆ بەرژەوەندی ئەوانەی ناویان ناوە زۆرینە و پێویستە لە ڕێگەی دەستەیەكی نوێ و پسپۆڕەوە بنوسرێتەوە كە تەنها بەرژەوەندیی گشتی تێدا ڕەچاو بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا