هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و دۆزی شنگال

لە ئێستادا كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، بە تایبەتی لە ناوچە دابرێنراوەكان، هەموو لایەنەكان لە كێبڕكێدان بۆ بەدەست هێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسی ئەنجومەنەكان و گەیشتن بەدەسەڵاتی ئیدارە خۆجێییەكان، ئەوەی كە بانگەشەی شنگال لەگەڵ ناوچە دابرێنراوەكانی دیكە جیادەكاتەوە، زامە سەخت و بەردەوامەكەی شنگال و خەمە قوڵەكانی شنگالیەكانە، چونكە لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە (9) ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆرستانی داعش و جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان، هێشتا زیاتر لە (160) هەزار هاوڵاتی دەڤەری شنگال لەكامپی ئاوارەكان لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی كۆمەڵێك لەمپەر و بەربەستەوە دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

لە دوای تێپەربوونی (9) ساڵ، هێشتا قایمقامییەتی شنگال لە تەنیشت شاری دهۆكە و هەر هاوڵاتییەكی قەزای شنگال كە بۆمامەڵەیەكی رەسمی پێویستی ئیمزایەكی قائیمقام هەبێت ، پێویستە بۆ ماوەی سێ سەعات بە سەیارە رێگا ببڕێت و لە (12) سەیتەرە تێپەڕێت تا دەگاتە قایمقامییەتی شنگال لە (دومیز – فایدە) لەتەنیشت شاری دهۆك، بوگەڕانەوەش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.

لە دوای تێپەربوونی (9) ساڵ بەسەر داگیركاری و وێرانكاری و كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی شنگال، هێشتا كەشێكی گونجاو نەرەخساوە بۆ كۆبوونەوەی شەنگالییەكان لە زێدی خۆیان، چونكە بێجگە لەوەی زیاتر لە (100) هەزار هاوڵاتی ئێزدی بە ناچاری روویانكردووەتە وڵاتانی ئەوروپا، هێشتاكۆچی گەنجانی دەڤەرەكە بۆ هەندەران هەر بەردەوامە، لەهەمان كاتدا هێشتا ئێزدییەكان بەهۆی ململانێی حزبایەتییەوە بەسەر (5) بەشدا دابەش بوون، هەر بەشێك لەوانە پەیام و جیهانبینی خۆیان هەیە بۆ چارەسەركردنی دۆزی شنگال و شێوازی حوكمرانی و ئایندەی دەڤەرەكە.

-هێشتا خەمی شنگالییەكان بەردەوامە، چونكە لەدوای تێپەڕبوونی (9) ساڵ بەسەر جینۆسایدەكەدا، شنگالیەكان بەردەوام بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و جیاكاری و وێرانكاریییەكانەوە دەناڵێنن، هێشتا چارەنووسی هەزاران مناڵ و كیژۆڵە و ژنی بێتاوانی ئێزدی نادیارە.

-هێشتا سەرجەم رەهەندە (سیاسی، یاسایی، ئیقلیمی، نێودەوڵەتی، كۆمەڵایەتی و مێژووییەكانی) شنگال، تەنها بە دیدی رەهەندێكی سەربازییەوە سەیردەكرێت.

خەمەكانیان بەردەوامە، چونكە لەدوای ڕوخانی رژێمەوە شنگالیەكان هاوشێوەی ناوچەدابرێنراوەكان چاویان لەوەیە زانكۆیەك، نەخۆشخانەیەكی شایستە، پاركێكی سەردەمیانە، لە شارەكەیان بكرێتەوە.

هۆكاری بەردەوامبوونی هەموو ئەم خەمانە بۆ سیستمی ناڕەوای ئیدارەی قەزاكە و ئیدارە خۆجێیەكەی پارێزگای نەینەوا دەگەڕێتەوەوتاكە چارەسەریش بۆ دۆخی شنگال بەشداریكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لە ئیدارە خۆجێیەكەی نەینەواو شنگال و پێكهێنانی ئیدارەیەكی بنكەفراوانی خزمەتگوزار و شەفاف كە خزمەت بەهەموو شنگالیەكان بكات بەبێ جیاوازی.

بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ جەماوەری شنگال چەندە چارەنووسساز و گرنگە، ئەوەندەش دەرفەتێكی مێژووییە كە بەشدارییەكی فراوان لەپرۆسەی دەنگداندا بكەن و دەنگ بدەنە هاوپەیمانی (یەكێتی خەڵكی نەینەوا ). چونكە سەركەوتنی یەكێتی لەو پارێزگایە، دەبێتە فاكتەری سەرلەنوێ‌ كۆكردنەوەی ئێزدییەكان، نەهێشتنی جیاكاری، ئاسایكردنەوەی دۆخی ناسەقامگیری شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان، ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، نەهێشتنی ئاسەواری تیرۆرستانی داعش، دەست پێكردنی كۆچی پێچەوانە بۆ شارەكەیان .

بۆ ئەو مەبەستە، هاوپەیمانیەتی یەكێتی خەڵی نەینەوا، بەرنامەیەكی تایبەت و ستراتیژی بۆ چونیەتی چارەسەركردنی كێشەی شەنگاڵ و میكانیزمی جێبەجێكردنی بەرنامەكە داڕێژراوە،بەجێبەجێكردنی بەرنامەكە، زامی شنگال ساڕێژ دەكات و
كۆتایی بە خەمە بەردەوامەكانی شنگالییەكان دێنێت .

لەتیف نێروەیی

ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا