رێككەوتنی دیموكراسی، ستراتیجی نوێی هەدەپە

وابڕیارە لە یەكی شوباتەوە، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، هەڵمەتێكی جدی بكات بۆ دروسكردنی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی بەهێز لە دژی بەرەی “رێككەوتنی كۆماریی” كە ئاك پارتی و پارتی بزاڤی نەتەوەپەرست (مەهەپە) نوێنەرایەتی ئەم بەرەیە دەكات.

بۆ ئەم مەبەستەش هەدەپە پێشنیاری جۆرێك لە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ چەند لایەنێك كردووە بەناوی “رێككەوتنی دیموكراسی” ناوی دەبات. هەدەپە بەنیازە لە یەكی شوباتەوە گەڕی كۆبونەوەكانی لەگەڵ زۆرێك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا دەسپێبكات.

لەئێستادا ئەو پارتانەی كە نەچونەتە ژێر رێككەوتنەكەی ئاك پارتی و مەهەپەوە، بژاردەی سەرەكی هەدەپە-ن، تاكوو سەردانیان بكات، لەوانەش پارتی سەعادەت، جەهەپە، پارتی ئایندە، پارتی پێشكەوتن و دیموكراسی و پارتی باش و هتد.

لەو بارەیەوە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی (هەدەپە) دەڵێت ” “رێككەوتنی دیموكراسی” نابێتە رێككەوتنێك بۆ هەڵبژاردنی ئایندە لە توركیا، بەڵكو هەوڵێكە بۆ یەك دەنگی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا بۆ ئاسایی بونەوەی پڕۆسەی سیاسی و باشتر كردنی رەوشی دیموكراسی لەو وڵاتە و قسە كردن لەسەر پرسە چەقبەستووەكانی توركیا”.

بۆ یەكەم جارە هەدەپە زەمینەسازییەكی دیالۆگ بەم جۆرە گشتگیرییە ئەنجامدەدات. لەبیرمان نەچێت پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە هەنگاوی لەو جۆرەی ناوە. بەڵام ئەمجارەیان بازنەی كۆبونەوەكانی هەدەپە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا فراوانترە. هاوكات هەدەپە دیدارەكانی لەگەڵ پارتە كوردییەكانی باكوور لە ئامەد درێژەی هەیە. كە پێشتر “رێككەوتنی كوردستانی” لەنێوان هەدەپە و چەند لایەنێكی كوردی ئیمزا كرابوو.

رەنگە كۆبونەوەكانی ئەمجارە، یەكسەر شتێكی ئیجابی نەیەتەگۆڕ، یان دەشێ‌ فشارێك بێت بۆ سەر حكومەتی ئاك پارتی لەو سیاسەتەی ئێستا كە پەیڕەوی دەكات. هەدەپە بێ‌ وچان خەبات بۆ دیموكراسی گەلانی توركیا دەكات ئەوەش یەك لە ئامانج و ستراتیجی پارتەكەیەتی، لێرەدا دەیەوێت لە گشت مەسەلەكاندا لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان قسەی لەسەر بكەن.لەوانەش: پرسی ئابووری، پرسی كورد، پرسی ژن، پرسی دادگاكان، كەیسی سەڵاحەدین دەمیرتاش و هتد..

لێرەدا رەنگە لەنێوان لایەنەكاندا جۆرێك لە بیروڕای هاوبەش بێتەئاراوە، لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی تادێت پارتی ئۆپۆزسیۆن روو لە زیادبوون دەكات، بەڵام ئۆپۆزسیۆن لە توركیا پەرتەوازەییەكی زۆری پێوەدیارە و ئەگەر زۆریان لەسەر چارەسەركردنی هەندێك لە پرسە ناوخۆییەكان هاوڕابن، بەهۆی ئەوەی ناتەباییەك هەیە ئەوا ئۆپۆزسیۆن جارێكیتر بێ‌ رۆڵ كراوە، لەكاتێكدا زۆرێكیان لەدژی سیاسەتەكانی ئەردۆغان و ئاك پارتی دەوەستنەوە، رەنگە كۆ دەنگییەك بێتە ئاراوە، بەمەش توانای ئەوەیان هەبێت شتێك بگۆڕن یاخوود فشارێكی جدی لەسەر حكومەتی توركیا دروسبكەن، بەپێی راپرسییەكان ئاك پارتی پێگەی جەماوەری لەدەسداوە، لێكدابڕان و پاشەكشەیەكیش لە بەرەی”رێككەوتنی كۆماریی” دا بەدی دەكرێت، واتە لەنێوان ئاك پارتی و مەهەپە دا دەنگی ناڕەزاییەكان زیاتر بووە. هەروەها بە پێی بۆچونی لایەنەكانیش، رەنگە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا لە ساڵی 2023 ئەنجام نەدرێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ساز بكرێت. بەمەش ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت هەڵێك بقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی،

لە هەڵبژاردنی پارلەمانی ساڵی 2011، پارتی ئاشتی و دیموكراسی (بەدەپە)، ئەوكات “بلۆكی ئاشتی و دیموكراسی” راگەیاند، وەك بەرەیەكی بچوك توانیان لایەنیتر لەخۆیان كۆبكەنەوە، لەو هەڵبژاردنە پارتی ئاشتی و دیموكراسی (بەدەپە) توانی 36 پارلەمانتار بەدەستبهێنێت و سەركەوتنێكی گەورە تۆماربكات، لەكاتێكدا لە هەڵبژاردنەكەی 2007 دا، ئەوان تەنها 22 پارلەمانتاریان بەدەسهێنابوو. ئەمەی ئێستا زیاتر هەدەپە لە هاوشێوە تاكتیكییەكەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی 2019 دەچێت، رەنگە ئامانجێكی نهێنی لە “رێككەوتنی دیموكراسی” هەبێت لەدژی ئاك پارتی و لە ئایندەیەكی نزیكدا بەتایبەتیش لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا، كاریگەریی خۆی هەبێت.

هێژا دڵشاد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا