نوێترین پێشهاتەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

گرژیی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتیی و باکووری رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا بەردەوامی هەیە. لە نوێترین پێشهاتیشدا، ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکات بۆ سەر کەرتی غەززە و بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی شەوی رابردوو و سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممەی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەکانی کەرتی غەززە، لانیکەم 70 کەس کوژران.

میدیای فەرمی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی رایگەیاند، “لە 24 کاتژمێری رابردوو، فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکار زیاتر لە 320 ئامانجیان لە سنووری کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج و زیاتر لە 60 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە شەهید بوون و 17 کەسیش لە هێرشێکی ئاسمانیی راستەوخۆ بۆسەر خانوویەک لە ناوچەی جەبەلییەی باکووری کەرتی غەززە شەهید بوون.”

لە راگەیەندراوێکی دیکەدا، میدیای بزووتنەوەی حەماس کوژرانی 10 کەسی دیکەی لە هێرشەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە راگەیاند و کۆی گشتیی قوربانییەکان لە 24 کاتژمێری رابردوودا گەیشتە 70 کەس.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە لە 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 320 ئامانجی سەربازیی گرووپی چەکداری بزووتنەوەی حەماسیان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت، “هێزە ئاسمانییەکانمان تونێل و بارەگا و دەیان ناوەندی فەرماندەیی و بنکەی چاودێریی تیرۆرستانیان کردووەتە ئامانج.”

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە، ئیسرائیل بەچڕی بۆردوومانی کەرتی غەززەی ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی حەماس دەکات. ئەمەش پاش هێرشی ئەو گرووپە چەکدارییە بۆ سەر هاوڵاتییان و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەم.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تەلئەڤیڤ، زیاتر لە 1400 هاوڵاتیی ئیسرائیلی لە هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس کوژراون.

لەبەرامبەریشدا، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، زیاتر لە 4 هەزارو 650 کەس کوژراون کە بە ووتەی وەزارەتی تەندرووستی کەرتەکە، زیاتر لە هەزارو 873 یان منداڵن. رۆژانە نزیکەی 200 بۆ 300 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە دەبنە قوربانی.

سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزانی جیهانی وەک رووسیا و کۆریای باکوور و ئێران، لە ئێستادا، سوپای ئیسرائیل بە کۆکردنەوەی دەیان تانک و زرێپۆش و کەرەستەی سەربازیی و هەزاران سەرباز، لەسەر سنوورەکانی کەرتی غەززە ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر کەرتەکە.

ئیسرائیل پێشتر نامەی ئاگادارکردنەوەی بەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتیی دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە بەردایەوە و ئاگاداری کردنەوە کە “دەبێت بە زووترین کات ناوچەکە بەرەو باشووری کەرەتە جێبێڵن.”

دانیشتوانی کەرتی غەززە نزیکە 2 ملیۆن و 400 هەزار کەسن، بەگوێرەی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە نیوەی هاوڵاتییانی کەرتەکە بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل و حەماس، ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبێڵن و ئاوارەی باشووری کەرتەکە بوون و بەشێکی زۆریشیان لە باکووری کەرتەکە رەتیدەکەنەوە ماڵەکانیان بەجێبێڵن و بەڵێنی مانەوە و بەرگرییان داوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا