پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی کە بڕیارە سبەی چوارشەممە 27ی ئەیلوول، لە سلێمانی بەڕێوە بچێت، پەیامێکی ئاراستەی کادرو لایەنگران و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات و دەڵێت، “مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان هێندە زێڕینە کە هیچ هێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئەیلوولی 2023، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بڵاویکردەوە رایگەیاند، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە هەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و هەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.
لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە، ” ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم، بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.
هەروەها جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی جیهان بێت”.
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:
هەڤاڵە سەربەرزەکانم
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە رابردوودا لەڕێگەی شۆڕشی چەکداری و بەخشینی زیاتر لە 26 هەزار شەهید بە خاکی کوردستان خەباتی کردبێت، ئەمڕۆ بە پابەندبوون بە پێداویستییەکانی خەڵک و تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێمانوایە باشترین رێگای خەبات بریتییە لە خەباتی سیاسی لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر.
یەکێتی بە دیدگا و ستراتیژێکی بەهێزەوە سیاسەتی خۆی لە ناوەندی فیدراڵ پەیڕەو دەکات، سیاسەتێک کە پێش هەموومان سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد، ئەویش بریتییە لە ئاشتی، پێکەوەژیان و هاوبەشیی راستەقینە. ئێمە دەزانین قوڵایی ستراتیژیی کورد لە بەغدایە، بۆیە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە هەوڵ بۆ بەهێزترکردنی پێگەی هەرێم، بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان بدەین.
هەروەها جەخت لە درێژەدان بە سیاسەتی نیشتمانی و نەگۆڕی یەکێتی دەکەمەوە سەبارەت بە پرسە نەتەوەییەکان و پشتگیریکردن لە مافەکانی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی جیهان بێت.
خوشک و براکانم
هەموومان پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی خەباتی رێکخراوەییمان هەنگاودەنێین و کۆنگرەی پێنج لەپێناو بەهێزتربوونی یەکێتییەکەمان ساز دەکەین، دڵنیام بە پشتیوانیی خودا و دڵسۆزیی ئێوەی خۆشەویست سەرکەوتوو دەبین و مژدەی یەکێتییەکی پتەوتر بە خەڵکی کوردستان دەدەین. دەمەوێت لای ئێوەی خۆشەویست و هەموو خەڵکی کوردستان روونبێت، ئێمە بڕوای تەواومان بە نوێگەری و نوێبوونەوە هەیە، لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەنگاودەنێین و خۆمان نوێ دەکەینەوە، ئەمەش راستییەکی مێژووییە و هەمیشە خوێنێکی نوێ بە دەمارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەگەڕێت.
خۆشەویستان
مێژوو سەلماندوویەتی یەکێتی سەنگەری پتەوی کوردایەتی و قەڵای بەرزی خۆڕاگرییە، مێژووی خەباتمان هێندە زێڕینە کە هیچ هێزێک لە خۆمان بە دڵسۆزتر بۆ کوردستان نازانین. ئەمڕۆش هێز و کاریگەریی یەکێتی لە هەرێم و ناوەندی فیدراڵ لای هەمووان روونە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان لە ئاستێکی باڵادایە، ئاشکراشە بەهێزیی یەكێتی واتە بەهێزیی هەرێم و عیراق. بۆیە دەبێت هەموو هەڤاڵێکمان ئەوەی لەیادبێت کە یەکێتیبوون بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی، نیشتمانی و ئەخلاقییە. دەبێت هەموو هەوڵ و هەنگاوێکتان هاوتابێت لەگەڵ سیاسەتی نیشتمانییانەی یەکێتی و ئامانجەکەتان خزمەتکردنی کورد و کوردستان بێت.
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەر
ئێوە زۆرتان بەخشی بە کوردستان و یەکێتییەکەتان، دەزانین دڵسۆزی و خۆڕاگریی ئێوەی تێکۆشەر بوو یەکێتی گەیاندە ئەم حزبە گەورە و کاریگەرەی کوردستان و ناوچەکە. دڵنیاتان دەکەم و بەڵێنتان پێدەدەم یەکێتی هەمان ئەو یەکێتییە دەبێت کە ئێوە قوربانیتان لەپێناودا و لەبەرامبەر هەوڵ و خۆڕاگریتان وەفادار دەبێت. دڵنیابن یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلال و ئێوەیە و وەک رۆحمان دەیپارێزین.
هەڤاڵان
ئەوانەی یەکێتیتان لە دڵتاندا هەڵگرتووە و بەهیواوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر دەڕوانن، پێکەوە بە یەک رۆحیەت و یەک ئامانج بەرەو کۆنگرەی پێنج.. بەرەو یەکێتییەکی بەهێزتر و نوێگەر هەنگاو دەنێین و مێژوویەکی درەوشاوە و پڕ لە شانازی بۆ حزبی شەهیدان دەنووسینەوە.
شاد و سەرفرازبن
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان