پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
كریملن رایدەگەیەنێت لە ئاییندەیەكی نزیكدا سەرۆكی رووسیا لە مۆسكۆ پێشوازی لە سەرۆككۆماری توركیا دەكات، هاوكات بڕیار وایە رۆژی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی توركیا بە سەردانێكی دوو رۆژ بگاتە مۆسكۆ.
رۆژی چوارشەممە 30_8_2023 كۆشكی كریملن رایگەیاند، لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیا چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا دەكەوێت و لە مۆسكۆ پێشوازی لێدەكات.
چاوەڕوان دەكرێت ئەردۆغان لە سەردانەكەی بۆ مۆسكۆ لەگەڵ سەرۆكی رووسیا تاووتوێی زیندووكردنەوەی رێككەوتننامەی هەناردەكردنی دانەوێڵەی ئۆكرانیا لە رێگەی دەریای رەشەوە بكات.
هاوكات ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رۆژی پێنجشەممە پێشوازی لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا وتیشی، سەردانەكەی فیدان ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و چەندین پرسی پەیوەندیدار بە جەنگی رووسیا – ئۆكرانیا و شەڕی سووریا و لیبیا و ناوچەی قەوقاز گفتوگۆ دەكەن. ئەو سەردانەی فیدان لە دوای شەش رۆژ لە سەردانی ناوبراو بۆ ئۆكرانیا دێت، كە لە كیێڤ لەگەڵ ڤلادۆمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا كۆبوونەوەی كرد.