ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە كۆدەبێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەبەستی پشتیوانیكردن لە تەواوكردنی رێكارەكانی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجام بدات، بە ئامادەبوونی پارێزگار و جێگری پارێزگاری هەڵەبجە.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە رێگەی سەرۆككۆماری عێراقەوە داوا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كراوە پاڵپشتی تەواوكردنی رێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بكات بەوپێیەی پێشتر هەڵەبجە قەزایەكی سەر بە پارێزگای سلێمانی بووە، كەواتە پێویستە پارێزگای هەڵەبجە پشتیوانی پارێزگای سلێمانی هەبێت كە وەكو قەزایەك لە چوارچێوەی ئەم پارێزگایەدابووە و بووە بە پارێزگا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی: پێشتریش كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كراوە، هەموو سنوری پارێزگای سلێمانی كە هەڵەبجەشی گرتووەتەوە یەك بازنەی دەنگدان بووە، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی شەرعیەتی متمانەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجەشی هەیە، بەوپێیە پاڵپشتیكردنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە پێویستە.

رۆژی 31/12/2013 لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار لەسەر بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە درا، دواتر لە 5/2/2014 لە دانیشتنێكی نائاساییدا پەرلەمانی كوردستان لە ناو هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە بڕیاری بەپارێزگاكردنی هەڵەبجەی پەسەند كرد و رۆژی 16 ی 3 ی هەمان ساڵ مەرسومی هەرێمی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بۆ بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە دەركرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا