دوایین زانیارییەکانی ئاگرەکەی دوورگەی هاوای ئەمریکا؛ 1100 کەس بێسەروشوێنن

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەو دوورگەیەی رۆژانێک خەڵکی بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان روویان تێدەکرد و یەکێک بوو لە دڵگیرترین ناوچەکانی سەر زەویی. ئێستا ئاگر شارێکی بەتەواوی خاپوور کردووە و دانیشتووانەکەی ناچار بە هەڵهاتن کردووەتەوە.

دوورگەی ماوی، یەکێکە لە دوورگەکانی ویلایەتی هاوای ئەمریکا، سەردەمانێک یەکێک بوو لە دڵگیرترین ناوچە سروشتییەکانی جیهان.ئێستا جگە لە دووکەڵ و پاشماوەی سووتاوی ئاگرەکە، هیچ دیمەنێکی تر نابینیت.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا ناسراو بە FBI، دوایین داتا و ئامارەکانی قوربانیانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەپێی خەمڵادنەکانی دەزگاکە، نزیکەی 1 هەزار و 100 کەس بێسەرووشوێنن.

بەپێی دوایین ئاماری دەزگا حکوومییەکانی دوورگەکە، لانیکەم 115 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەست داوە، کە ئەمەش خوێناویترین رووداوی سروشتییە ئەو وڵاتە لە سەدەی نوێدا بەخۆوەی بینیبێت.

شاری گەشتیاری لاهاینا، شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر لە 12 هەزار کەس بوو. ئێستا بەهۆی ئاگرەکەوە بووەتە شارێکی وێرانە و زیاتر لە شارێکی پاشماوەی جەنگی دەچێت. بەپێی ئامارێکی خاچی سووری نێودەوڵەتی، تەنها لەم شارە هەزاران کەس بەهۆی ئاگرەکەوە بێسەروشوێنن. چاوەڕێش دەکرێت رۆژ بە رۆژ قوربانی زیاتر بدۆزرێتەوە و ژمارەی کوژراوان زیاتر و زیاتر بن.

FBI, بە هاوکاری بەشی پۆلیسی ناوخۆیی دوورگەی ماوی بەشوێن ونبووەکاندا دەگەڕێن و لە رێگەی DNA وە ناسنامەی قوربانییەکان ئاشکرا دەکەن.

بەڵام ئەم رێگەیە لە ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکان کارێکی ئاسان نیە و تا ئێستا تەنها 27 کەس لە کۆی 115 قوربانی ناسنامەیان ئاشکراکراوە.

ئاگرەکەی دورگەی ماوی، یەکێکە لە خوێناویترین و گەورەترین ئاگرەکانی مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەپێی ووتەی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمریکا، قەبارەی زیانەکانی ئاگرەکە بە 6 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا