نەتەوەیەكگرتووە: خەڵكی ئەفغانستان لە دۆخێكی خراپی مرۆیی و ئابووری دەژین

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وتەبێژی نووسینگەی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە دووەم ساڵیادی كۆنتڕۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەڵێت، پێویستە ئەفغانستان بەبێ جیاوازی رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت باس لەوەش دەكات، دۆخی ئەفغانستان خراپە.

ئیلیزابێس ترۆسێل وتەبێژی نووسینگەی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشدا، خەڵكی ئەفغانستان لە دۆخێكی خراپی مرۆیی و ئابووری دەژین و نابێت لەبیر بكرێن.

دەشڵێت: دوو ساڵ بەسەر كۆنترۆڵكردنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە تێدەپەڕێت، ئەركی ئەو وڵاتەیە لەژێر یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەبێ جیاوازی رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت و بە بەرزی رایانبگرێت، نیگەرانین لە دۆخەكە و بە تایبەتی لەو رێگرییانەی خراونەتە بەردەم ئافرەت و كچان، كە لە خوێندن و كار، ئازادی لە جووڵانەوە و بەشداریكردن لە ژیانی رۆژانە مافەكانیان داخوراوە.

وتیشی: كۆمسیاری باڵا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات، خەڵكی ئەفغانستان لەبیر نەكات، كە جگە لە سنوورداركردنی مافەكانیان، لە دۆخێكی خراپی مرۆیی و ئابووریدا دەژین.

بزووتنەوەی تاڵیبان لە 1996دا دەركەوت و زیاتر لە سەدا 80ی خاكی ئەفغانستانی كۆنترۆڵكرد و ئیمارەتێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان راگەیاند و تەواوی هێز و گرووپە چەكدارییەكانی ئەفغانستانی لە دۆڵی بانشیر گەمارۆ دابوو.

بە هۆی تەقاندنەوەی دوو تاوەرە بازرگانییەكەی ئەمەریكا، واشنتن رێكخراوی قاعیدە و بزووتنەوەی تاڵیبانی بە ئەنجامدەری هێرشەكە تۆمەتباركرد و داوایكرد، تاڵیبان ئوسامە بن لادن رادەستی ئەمەریكا بكات، بەڵام مەلا عومەری ئەمیری پێشووتری بزووتنەوەكە رەتیكردەوە، بن لادن رادەست بكات و رایگەیاند، بن لادن میوانی خۆشەویستی ئەفغانستانە.

بەوهۆیەوە ئەمەریكا هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر ئەفغانستان دەستپێكرد و كۆتایی بە دەسەڵاتی تاڵیبان لە كابوڵ هێنا.

سەرەڕای پێكهێنانی حكومەتی كابوڵ و ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵام بۆ كشانەوەی لەو وڵاتەدا، ئەمەریكا لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان دەستیی بە دانووستان كرد.

دواجار رۆژی 29ی شوباتی 2020 لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، ئەمەریكا، لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبانی ئیسلامی ئەفغانستان رێككەوتنی واژوو كرد و لەو وڵاتەدا كشایەوە و رۆژی 15ی ئابی 2021 بزووتنەوەی تاڵیبان كۆنترۆڵی ئەفغانستانی كرد و سوپای ئەو وڵاتە چەك كران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا