ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان دابەزیوە

پۆڵەتیك پرێس:
بەهۆی كەمبارانی و دواكەوتنی باران بارین لە سێ‌ مانگی رابردوو، ئاستی ئاو لە هەر دوو بەنداوی دەربەندیخان و دوكان كەمیكردووە.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: “كەمبارانی یان دواكەوتنی باران لە سێ‌ مانگی رابردوودا كە وەرزی باران بارین بووە، كاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان بەرز نەبێتەوە، بۆیە مەترێك و 30 سم ئاستی ئاوی دەربەندیخان نزمترە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەم كاتە”.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وتیشی:”ئێستا تەنها یەكەیه‌كی كارۆ ئاوی دەربەندیخان بۆ كارەبا بەكاردەهێنرێت، ئەویش بۆ كەمتر لە 24 كاتژمێرە كە نزیكەی 38 مێگاوات كارەبا لە بەنداوی دەربەندیخان بەرهەم دەهێنرێت، ئەمەش پێویستی بە 50 مەتر سێجا ئاو هەیە لە چركەیەكدا”.

لەلایەكی دیكەوە سەلام نەجم، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: “دواكەوتنی باران بارین بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی دوكان، ئێمە یەك یەكە كارپێدەكەین بۆ كارەبا كە 54 مێگاوات كارەبا دەدات”.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان وتیشی: “رۆژانە 80 مەتری شەشپاڵوو ئاو بەردەدەینەوە بۆ ئەو یەكەی كارەبایە لە بەرامبەردا 40 بۆ 50 مەتر ئاو دێتە ناو بەنداوەكە، بۆیە رۆژانە لە نێوان 1 بۆ 2 سم ئاستی ئاوی بەنداوەكە دادەبەزێت، ئێستا ئاستی ئاو لە بەنداوەكە 494 مەتر و 68 سم-ە، پار ئەم كاتە 496 مەتر و 29 سم بووە”.

لە پارێزگای سلێمانی ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ 220 ملیمە و ڕێژەی بارانبارینی ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە 232 میلم بووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا