پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەغدا و ئەنقەرە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە کە لە 25ی مانگی ئاداری رابردووەوە دوای بڕیارەکەی دادگەی ناوبژیوانی پاریس راگیراوە.
باسم محەمەد عەبادی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان بە رۆژنامەی سەباحی حکومی راگەیاندووە، رێککەوتن لەگەڵ تورکیا کراوە رۆژی 19 ی ئەم مانگە لە بەغدا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.
عەبادی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ماوەکانی رابردوودا هەردوولا پەیامیان بۆ یەکدی ناردووە لەسەر ئەوەی پێویستە پابەندبن لە زووترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. راشیگەیاند، ئەنقەرە ئاماژەی بەوەکردووە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بۆریی گواستنەوەی نەوت کاری چاککردنەوە و پشکنینی تێدا دەکرێت.
تائێستا زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوو ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کە سەرەتای ئەم هەفتەیە پەسەندکرا، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات تاوەکو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەی دەرەوە بکرێت، ئەگەر نەتوانرا هەناردەی دەرەوە بکرێت بۆ پێداویستیی ناوخۆیی بەکاردەهێنرێت.