بڕیارەكەی دادگای پاریس هەرێم بەرەو كوێ‌ دەبا؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حكومەتی عێراق كارتێكی دیكەی یاسایی لەدژی هەناردەی سەربەخۆی نەوتی هەرێم بۆ توركیا كەوتە دەست و پێشتریش كارتی دادگای فیدراڵی لەدەستبوو بۆ رەتكردنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم لەكاتێكدا رۆژانە حكومەتی هەرێم 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی توركیا دەكات و وەزارەتی نەوتی عێراقیش بەڕەسمی پێشوازی لە بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس دەكات و ئاماژە بەوە دەكات، ئەم بڕیارە نابێتە بەربەست لەبەردەم پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و ئەنكەرە.

گورزێكی دیكە لەهەرێم درا

ئەنكەرە لە نیوەشەوی 25_3_2023 بەرەسمی بەغدای بە خەبەر هێنا و ئاگاداری كردەوە كە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی درێژخایەنی ئەنقەرە سەبارەت بە هەناردەی نەوتی خاوی كورد لە بەرژەوەندی ئەودا بڕ‌یاری دەركردووە و بەپێی هەواڵێكی پێگەی ئارگەسی توركی: ئەوە گورزێكی دیكەیە لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی عێراق دەدرێت.

ئەم هەواڵە لە پێگەی ئارگەسی و بلومبێرگەوە بڵاوكرایەوەو رایدەگەیەنن: توركیا ڕ‌ێگە نادات نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی عێراق بگوازرێنەوە بۆ بەندەری جەیهان.

بەهجەت ئەحمەد خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە گرێبەستە نەوتییەكانی عێراقدا دەڵێت: لەئێستادا حكومەتی عێراق دوو بڕیاری زۆر گرنگی لەبارەی راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەردەستدایە، یەكەمیان بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە كە لە 15ی 2ی 2022 دەرچووە، دووەمیشیان بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس كە شەوی رابردوو دەرچووەو هەردوو بڕیارەكە یاسایین و پشتی پێدەبەسترێت.

وتیشی: بەراگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان قەیرانێكی دارایی قوڵتر لە ساڵی 2014 روو لەهەرێم دەكات و ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكنەكەوێت مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی پێنادرێت.

دۆسیەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس نزیكەی نۆ ساڵە بەردەوامەو باس لەوە دەكات كە توركیا ڕ‌ێككەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی پێشێلكردووە، كە رێگەیداوە نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ ڕ‌ەزامەندی بەغدا، هەناردەی توركیا بكرێت.

بڕ‌یارەكەی دادگای پاریس فشار لەسەر هەولێر توندتر دەكات و كارتی دەستی لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا لاواز دەكات

ناكۆكییەكە دەگەڕ‌ێتەوە بۆ ساڵی 2014 كە حكومەتی هەرێم سەربەخۆ بەبێ رەزامەندی بەغدا نەوتی هەناردەی توركیا كردو گرێبەستی درێژخایەنی كرد لە كاتێكدا ئەو بۆرییە پێشتر نەوتی خاوی لە كێڵگەی نەوتی كەركوك لە باكوری عێراقەوە دەگەیاندە بەندەری جەیهانی توركیا.

هەرێمی كوردستان پشت بە هەناردەی نەوتی خاو لە ڕ‌ێگەی توركیاوە دەبەستێت و بڕ‌یارەكەی دادگای پاریس فشار لەسەر هەولێر توندتر دەكات و كارتی دەستی لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا لاواز دەكات بەتایبەت لە بواری نەوت و غاز دا. كە ئێستا خولی گفتوگۆ هەیە لەگەڵ كابینەی محەمەد شیا ئەلسودانی سەرۆك وەزیران و حكومەتی هەرێم .

حكومەتی عێراق ئێستا چەكی بەهێزی بەدەستە كە بڕ‌یاری دادگای پاریسە ، هەروەها كارتی دیكەشی بەدەستە كە بڕ‌یارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقە كە لە شوباتی 2022ەوە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بە “نادەستووری” ناساند، هەروەها دادگای فیدراڵی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت پووچەڵ كردەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ساڵی ڕ‌ابردوو ڕ‌ایگەیاند، كۆمپانیا ئەمریكییەكان پابەند بوون بەبڕ‌یاری دادگای فیدراڵی لە پرۆسەی تەسفیەكردن و دەرچوون لە تەندەر و گرێبەستەكاندان لە كوردستان. بەغدا.

حكومەتی عێراق ئێستا چەكی بەهێزی بەدەستە كە بڕ‌یاری دادگای پاریسە ، هەروەها كارتی دیكەشی بەدەستە كە بڕ‌یارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقە

جگە لەوەش كۆمپانیای بازرگانی گەورەی ترافیگورا لە كۆتایی مانگی یەكدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم پچڕ‌اند، ئەمەش هەنگاوێكە تەنها ئاستەنگەكانی هەرێمی كوردستان گەورەتر دەكات و توانای بەبازاڕ‌كردنی نەوتی خاوی خۆی ئاڵۆزتر دەكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی توركیا كردووە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش بەڕەسمی پێشوازی لە بڕیارەكە كردوەو رایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارە نابێتە بەربەست لەبەردەم پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و ئەنكەرە، ئاماژەی بەوەشداوە كە میكانیزمێك دەدۆزنەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەهەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی توركیا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا