دەنگی پێكهاتەكان لەپەرلەمانی كوردستان بۆ خواستی حزب بەكاردەهێنرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەك ئەوەی لەكۆبوونەوەی رۆژی 22-5-2023 ی پەرلەماندا بینرا پارتی بە پێكهاتەكان پرسە نیشتمانییەكان لەبەرژەوەندی خۆی یەكلادەكاتەوە، پێشتریش بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیاندبوو: یەكێتی پشتیوانی پێكهاتەكانی كوردستان دەكات بۆئەوەی دەنگی راستەقینەیان لەپەرلەمانی كوردستان هەبێت، لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەڵێت: پێكهاتەكان لەپەرلەمان زۆر بچوك كراونەتەوەو كراون بە داردەستی لایەنێكی سیاسی دیاریكراو، كە یەكێتی بۆ مافی پێكهاتەكان هەرگیز ئەوە قبوڵ ناكات و دەیەوێت پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن لە پەرلەمان و نەچنە ژێر هەژموونی هیچ حزبێكەوە.

حەسیبە عەبدوڵڵا لێپرسراوی بۆردی پێكهاتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: مام جەلال خاوەنی بیرۆكەی هێنانەناوەوەی نوێنەری پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان و هیچ حزب و لایەنێك بۆی نییە داكۆكیكردن لەپێكهاتەكان بە یەكێتی بفرۆشێتەوە.

وتیشی: پێكهاتەكان زۆر بچوك كراونەتەوەو كراون بە داردەستی لایەنێكی سیاسی دیاریكراو لە پەرلەمانی كوردستان و ئەوانەی نوێنەرایەتی پێكهاتەكان دەكەن تەنها نوێنەرایەتی كردنێكی كارتۆنییە و نەیانتوانیوە نوێنەرایەتی راستەقینەی پێكهاتەكان بكەن، چونكە بە دەنگی ئەوان نەچوونەتە پەرلەمان، بەڵكو ئەو لایەنە سیاسییە بە دەنگی زێرەڤانی دەریچاندوون و خستوونێتییە ژێر هەژموونی خۆیەوە، ئەوەش خاڵی ناكۆكی یەكێتی و پارتییە لەسەر پێكهاتەكان و یەكێتی دەیەوێت پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان لە پەرلەمان هەبێت.

مام جەلال خاوەنی بیرۆكەی هێنانەناوەوەی نوێنەری پێكهاتەكانە لە پەرلەمانی كوردستان

رۆژان شەهید حەمەڕ‌ەش ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: نوێنەری پێكهاتەكان لەپەڕ‌لەمانی كوردستان نوێنەری راستەقینەی پێكهاتەكان نین و بەدەنگی هێزەكانی پارتی هێنراونەتە پەرلەمان و زۆرینەیان كادری پارتین و كارگێڕ‌ی لقەكانیانن.

دەشڵێت: یەكێتی دژی پێكهاتەكان نییە، بەڵكو داوای مافی راستەقینەی پێكهاتەكان دەكات، ئەوە مام جەلال بووە بۆ یەكەمجار داوای كورسی بۆ پێكهاتەكانی كردووە لەپەرلەمانی كوردستان، ئیتر چۆن ئێستا دژی دەبێت.

پێشتر چەند جارێك لەسەر كورسی پێكهاتەكان دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، بەوهۆیەشەوە یۆنامی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە پێشنیاری خۆی پێشكەش بە یەكێتی و پارتی كرد، كە ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو كە پێویستە پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن لە پەرلەمان و بەدەنگی پێكهاتەكانی هەرێم دەرچن، هەروەها پێشنیاری كردبوو پێویستە كورسی پێكهاتەكان بەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا دابەشبكرێن، بەڵام پارتی بەو پێشنیارەش رازی نەبوو و پێشنیارەكەی یۆنامی رەتكردەوە.

یەكێتی دژی پێكهاتەكان نییە، بەڵكو داوای مافی راستەقینەی پێكهاتەكان دەكات

ئێستا دەنگی پێكهاتەكان لەپەرلەمانی كوردستان بۆ خواستی حزب و دوور لەداواكاری راستەقینەی پێكهاتەكان بەكاردەهێنرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش داوا دەكات پێكهاتەكان نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمان هەبێت، نەك وەك ئەوەی كە ئێستا هەیە لەپەرلەمان كە بەفەرمانی پارتی دەجوڵێنەوە، وەك ئەوەی لەدانیشتەكەی رۆژی 22-5-2023 ی پەرلەماندا بینراو لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی پارتی جیانەدەكرانەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا