پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی و ئاسۆ مامەند، كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە دەباشان پێشوازیان لە سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان كرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا ستایشی رۆڵی مێژوویی و ئازایانەی فراكسیۆنی یەكێتی كرد و پشتیوانی تەواوی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان دووپاتكردەوە كە لە دوایین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، رێگریان لە كارێكی یاساشكێنی كرد و ئیرادەی خەڵكیان سەرخست و رێگرییان لە شكاندنی شكۆی پەرلەمان گرت.
وتیشی، هەڵوێستی دوێنێتان بۆ سەرخستنی ئەزموونی دیموكراسیی هەرێم مایەی شانازیی یەكێتی، دڵسۆزانی گەل و دۆستانی دیموكراسی بوو كە دەیانەوێت هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و یاری بە چارەنووس و دەنگی خەڵكەوە نەكرێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاند، لەسەرەتای دروستبوونی كێشە سیاسی و یاساییەكانەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، یەكێتی بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە كاری بۆ سازان و رێككەوتنی نیشتمانی كردووە و هەنگاوی پێویست نراوە لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا كە یاسای هەڵبژاردن هەمووار بكرێتەوە و هاوتەریب كۆمسیۆنیش كارابكرێتەوە. دوور لە خۆسەپێنی خواستی كۆمەڵانی خەڵكی تێدا جێبەجێ بكرێت و كورسی كۆتاكان بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەكان بەكارنەهێرێت وەك ئەوەی دوێنێ بینیمان و بەداخەوە ئەوەی نەدەبوو رووبدات، روویدا.
لەبارەی نوێنەرایەتی پێكهاتەكان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیانەوە سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وتی، ئێمە لە سەرەتاوە داوامانكردووە پێكهاتەكان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بكەن و لە ململانێ سیاسی و حزبییەكاندا بەكارنەهێنرێن.
لەبەشێكی تری وتەكانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، وێڕای هەڵوەستەكردن لە سەر دۆخی گشتیی هەرێم و عیراق بەرچاوروونیدایە پەرلەمانتارانی یەكێتی و داوایكرد، وەك هەمیشە پشتبەستوو بە یاسا لە سەنگەری بەرگری لە مافەكانی خەڵكدا بن و رێگە نەدەن دامەزراوەی شەرعی و یاساییەكان بۆ بەرژەوەندی حزبی بەكاربهێنن و شكۆی دامەزراوە نیشتمانییەكان لەكەدار بكرێت.
لەكۆبوونەوەكەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی گەشبینی خۆشی نیشاندا كە بە پشتیوانیی دڵسۆزانی گەل و وڵات ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین و داوایكرد، هەموولایەك بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە هەستیارەدا بكەن. وتیشی، دەبێت بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان ئەركی لەپێشینەمان بێت.
سەرۆكی یەكێتی وتیشی، سەرباری ئەو كێشەیەی لە پەرلەمان روویدا، یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لەسەر باوەڕە نەگۆڕەكانی خۆی سوورە و دەرگای بۆ هەموو گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنێك كراوەیە كە ئامانج لێی چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت لە وادەی خۆیدا.