بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێك ئاراستەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی 47 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان پەیامێكی ئاراستەكردن و رایگەیاند، مێژووی خەباتی درەوشاوەی كۆمەڵەی خوێندكاران لە شۆڕشی نوێ و تێكۆشانی بەردەوامی كۆمەڵەكە لە پێناو سەرفرازیی كوردستاندا، مایەی شانازی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و هەوڵەكانیشی لەپێناو بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی هۆشیار و ئازادیخواز كە تێیدا خوێندكاران وەك هێز و وزەیەكی نوێ رابەرایەتیی كۆمەڵگە بكەن، جێگای ستایش و پێزانینمانە.

دەقی پەیامەكە…

لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە خوێندكارانی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

مێژووی خەباتی درەوشاوەی كۆمەڵەی خوێندكاران لە شۆڕشی نوێ و تێكۆشانی بەردەوامی كۆمەڵەكە لە پێناو سەرفرازیی كوردستاندا، مایەی شانازی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و هەوڵەكانیشی لەپێناو بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی هۆشیار و ئازادیخواز كە تێیدا خوێندكاران وەك هێز و وزەیەكی نوێ رابەرایەتیی كۆمەڵگە بكەن، جێگای ستایش و پێزانینمانە.

خوێندكاران و گەنجانی خۆشەویستی كوردستان؛

لەدوای سەركەوتنە بەردەوامەكانی كۆمەڵەكە لە رابردوودا و بەدیهێنانی ئامانجەكانی لەو قۆناغە دژوارەی كوردستاندا، بەڵێنتان پێدەدەم ئەمساڵ كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان بە ستراتیژێكی نوێ و سەردەمیانەوە درێژە بە خەباتی مەدەنی و رێكخراوەیی خۆی دەدات و ئامانجەكەشی دوور لە هەموو بەرژەوەندییەكی حزبی و تایبەت، تەنیا لە خزمەت بەرەوپێشچوونی پرۆسەی خوێندن و مافە رەواكانی خوێندكاراندا دەبێت.

لە ماوەی رابردوودا بە خۆشحاڵییەوە دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا لە نزیكەوە لەگەڵ خوێندكارانی كوردستان دەربارەی پرۆسەی خوێندن و خوێندنی باڵا لە هەرێم، مافەكانی خوێندكاران و هەوڵەكان بۆ هێنانەكایەی خوێندنێكی هاوچەرخ و تەندروست گفتوگۆ بكەین و كێشە و گرفتەكان دەستنیشان بكەین. هەر ئەوكات بەڵێنماندا هاوكار و پشتیوانیان بین و دەرئەنجامی بەڵێنەكانیشمان لە نۆژەنكردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان، دابینكردنی پێداویستییەكان و خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە ئێمە بووین بۆشایی كەمتەرخەمی حكومەتمان پڕكردەوە و ئەو ئەركەمان لە ئەستۆ گرت. ئەركێك كە بە شانازییەوە چووین و دەچینە ژێرباری و هەر شتێكیش كردوومانە و دەیكەین، لەپێناو گەنجان و لاوانی وڵاتەكەم بووە.

بۆ قۆناغی نوێی كاركردن و هەوڵەكانمان لەپێناو گۆڕانكاری ریشەیی لە پرۆسەی پەروەردە و فێركردندا، ئامانجمان روونە و دەمانەوێت ئەم سێكتەرە گرنگە لە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاستێكی باڵاتر و سەردەمیانەتر ئاڕاستە بكەین. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نایەوێت دەستوەردان لە كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بكات، بەڵام شانازی دەكات كە پشتیوان و هاوكاربێت بۆ بەرەوپێشچوونی خوێندن لە هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی مافەكانی خوێندكاران. بێگومان كە دەڵێین خوێندكاران مەبەستمان سەرجەم خوێندكارانی خۆشەویستی كوردستانە بە هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانەوە و لەبەرچاوگرتنی پاشخانی حزبی و سیاسی، بەشێك نییە لە ستراتیژی كاركردنمان.

بەرەوپێشچوونی ئاستی زانستیی زانكۆكان و بونیادنانەوەی پەیوەندییەكی تەندروست لەنێوان مامۆستا و خوێندكار، كۆنفرانس و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان لەگەڵ زانكۆ و ناوەندە زانستییە جیهانییەكان، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ خوێندكاران، ئامانجی داهاتووی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان دەبێت و بە پشتیوانیی گەنجە خۆشەویست و لێهاتووەكانی كوردستان، رۆحێكی نوێ بەبەر پرۆسەی پەروەردە و خوێندندا دەكەین.
دڵسۆزتان

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا