پۆڵەتیک پرێس
پزیشکێکی پسپۆڕی بواری خۆراک دەڵێت: سیستمی خۆراکی تەندروست ڕۆڵێکی سەرەکی لە دروست بوونی قژێکی بەهێز و جواندا هەیە، ڤیتامین و کانزا گرنگەکان یارمەتی پاراستنی قژ دەدەن و ڕێگری لە هەڵوەرینی دەکەن.
پزیشکەکە باس لەوە دەکات، پێش هەموو شتێک پێویستە گرنگی بە ڤیتامین سی بدرێت، چونکە یارمەتی بەرهەم هێنانی کۆلاجین دەدات، ڤیتامین سیش لە خواردن و میوە و سەوزەواتەکانەوە وەردەگیرێت، واتە کەم خواردنی میوە و سەوزەواتەکان دەبێتە هۆی کەمی ئەو ڤیتامینە.
ڤیتامین بی١٢ ڤیتامینێکی دیکەی گرنگە، کەمی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی کێشەکانی کرداری هەرس و زوو سپی بوونی قژ، ئەم ڤیتامینە لە مادە ئاژەڵیەکانەوە دەست دەکەوێت وەک، گۆشتەکان، ماسی، هێلکە و شیرەمەنیەکان.
زینک کانزایەکی گرنگە بۆ لەش و بەتایبەتی بۆ هەڵوەرینی قژ، کەمی زینک دەبێتە هۆی هەڵوەرنی قژ و بێهێزکردنی، زینک بەڕێژەیەکی زۆر لە ماسیەکان، گۆشتەکان، پاقلەمەنیەکان، چەرەساتەکان و دانەوێڵەکاندا هەیە.
هەروەها کەمی سیلینیۆم، مس و یۆد هۆکارێکی دیکەن بۆ کێشەکانی قژ و هەڵوەرینی، بۆیە پێویستە ئاگاداری رێژەی ئەو مادە بین، ئەمەش چارەسەری هەڵوەرینی قژ دەکات و دەبێتە هۆی هەبوونی قژێکی بەهێز و جوان.