پۆڵه‌تیك پرێس:
بڕیاره سێ شاندی جیاوازی هه‌رێمی كوردستان بۆ پرسی ڕێككه‌وتن هه‌رێم و ناوه‌ند بچنه به‌غدا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته به‌غدا، ئه‌وه‌ش ده‌بێته سه‌ردانی یه‌كه‌می ئه‌و زنجیره سه‌ردانه‌ی بڕیاره له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و حزبه‌كان، بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای ساڵی 2021ـی عێراق ئه‌نجامبدرێت.
بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی دیكه‌ی هه‌رێم كه له‌ئاستی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان پێكهاتووه سه‌ردانی شاری به‌غدا بكات، ئه‌و شانده‌ی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌یان كۆده‌بنه‌وه و ته‌واوكه‌ری ئه‌و زنجیره سه‌ردانه‌ن كه مه‌به‌ست لێی هه‌وڵدانه بۆ ڕێككه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
به‌هه‌مانشێوه هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێكی باڵای حزبی كه له لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێم پێكهاتووه و له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیاری لێدرا، سه‌ردانی شاری به‌غدا ده‌كه‌ن.
دانا جه‌زا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌فراكسیۆنی پارتی له‌باره‌ی ئه‌و سێ سه‌ردانه و هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا وتی، “هیوادارین حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ئه‌رێنی بێنه پێشه‌وه”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی ده‌شڵێت “ده‌بێت ئه‌وه‌ی له‌دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق په‌یوه‌ست به‌یاسای قه‌رز ڕوویدا، له‌دانیشتنه‌كانی دواتری په‌رله‌مان روونه‌داته‌وه”.