پۆڵه‌تیك پرێس:
شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق دواین كۆبوونه‌وه له‌باره‌ی پشكی هه‌رێم له‌پڕۆژه‌یاسای ساڵی 2021ـی عێراق ئه‌نجامده‌دات.
به‌گوێره‌ی به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ عێراق، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه شاندی هه‌رێم كه قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كۆده‌بێته‌وه، بڕیار له پشكی هه‌رێم له‌پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوی عێراق بدرێت، كه چاوه‌ڕێده‌كرێت پشكی هه‌رێم زیاتر له 12% بێت.
له‌پاش كۆبوونه‌وه‌ی شانده‌كه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆده‌بێته‌وه و پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی داهاتوو له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه په‌سه‌ندبكرێت و پاشان ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت.
هه‌رچه‌نده هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی نیشانداوه بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام نوێنه‌رانی كورد له‌په‌رله‌مانی عێراق ڕه‌خنه له هه‌رێم ده‌گرن و پێیانوایه سه‌ردانی شانده‌كان به‌بێ كه‌سی یه‌كه‌م و به‌رپرسیاری مه‌له‌فی نه‌وت، بێئه‌نجام ده‌بێت.
ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌ڵێت “هاتنی وه‌فدی هه‌رێم بۆ به‌غدا دوبارە پێمان دەڵێت، ئەگەر رێکەوتون بۆ هاتونەتەوە؟ خۆ ئەگەر ڕێنەکەوتون بۆ ڕاستیەکان ناڵێن؟”.