قوباد تاڵەبانی: خەڵك خزمەتگوزاری باشتر و رێگاوبانی باشتر و هەلی كاری زیاتری دەوێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ كوی ووی باڵیۆزی نوێی چین لە عێراق رایگەیاند راستە لە عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ململانێ و كێشە سیاسی گەورە هەیە، بەڵام لە سەرووی ململانێ سیاسییەكانەوە، كێشەی سەرەكی خەڵك كێشەی كەمی خزمەتگوزارییە و داوای خزمەتگوزاری باشتر دەكەن.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەمە 29_8_2022 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا كونسوڵی چین لە هەولێریش ئامادەبوو، كوی ووی باڵیۆزی چین خواستی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند پێشوازی دەكەن لەوەی لە هەردوو بواری ئابوری و كلتورییەوە پەرە بە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان چین و هەرێمی كوردستان بدرێت.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی باسی دۆخی هەرێمی كوردستانی كرد و رایگەیاند لە ئێستادا داواكاری یەكەمی خەڵكی كوردستانیش باشتركردنی دۆخی خزمەتگوزارییەكانە و كەمتر گرنگی بە كێشە سیاسییەكان و ململانێی سیاسیی نێوان لایەنەكان دەدەن. ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەڕووی چاكسازییەوە هەنگاوی گرنگی ناوەوە و قۆناغی باشیشی بڕیوە بەرەو حكومەتی ئەلەكترۆنی، بەڵام ئەم هەنگاوانە لەئاستی چاوەڕوانی خەڵكدا نەبووە و خەڵك خزمەتگوزاری باشتر و رێگاوبانی باشتر و هەلی كاری زیاتری دەوێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران رایگەیاند هەرێمی كوردستان ژێرخانی ئابورییەكی بەهێزی نییە، هەربۆیەشە گەشەپێدانی ئابوری بە خاوی دەچێتە پێشەوە. داوایكرد كۆماری چین لەمڕووەوە هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بێت، بە تایبەتیش هانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی بدات لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵدا لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان بكەن. ئامادەیی حكومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و ئاسانكارییەك بۆ ئەو كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانەی چین كە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستی دروستكردنی پەیوەندیی و هەماهەنگی لەنێوان زانكۆكانی چین و هەرێمی كوردستانی كرد و داوایكرد لە زانكۆكانی چین دەرفەتی زیاتر بۆ خوێندكارانی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا