پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18/7/2022 بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەت و نوێنەرانی پارت و لایەنە كوردستانییەكان و بنه‌ماڵه‌ى قازى، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕێوڕەسمی پێشوازیكردن لە ته‌رمى خوالێخۆشبوو عەلی قازی، كوڕی پێشەوا قازی محەمەد بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەكەدا نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، “تەرمی بەڕێز عەلی قازی تاقانەکەی پێشەوامان بەڕێزەوە هێنایەوە کوردستان، هەر بە ڕێزیشەوە لە باوەشی وڵات‌دا دەنێژرێت. دەبێ وا بێت و ئەمەش مافی خۆی و بنەماڵەکەیه‌تی، هەروەها ئەرکی ئێمەیە كە ڕێز لەو بنمەماڵەیە بگرین”.
وتیشی، “خوالێخۆشبوو عه‌لى قازى، كوڕى ڕه‌ش، له‌به‌ر مێژوو و پێگه‌ى بنه‌ماڵه‌كه‌ى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى يادگارى پێشه‌وا قازى محه‌مه‌دى نه‌مر بوو، به درێژايى ته‌مه‌نى خۆى، ناچار بووه به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختى و زه‌حمه‌تى و په‌نابه‌رى و دووره‌وڵاتى و ئازاره‌كانى بگرێت. هه‌ميشه له خه‌مى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كێتيى گه‌له‌كه‌يدا بووه. تا دوايين هه‌ناسه‌ش كه له سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وه‌ك له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌ڤزيۆن بينيمان، زۆر به دڵسۆزى و بە پەرۆشەوە داواى يه‌كڕيزى و ته‌بايى گه‌له‌كه‌ى ده‌كرد. به دواى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى گه‌له‌كه‌ی بوو. ئه‌مه‌يشى له پێشه‌وا قازيى باوكييه‌وه بۆی مابووه‌وه. پێشه‌واى نه‌مريش تا دوايين وه‌سيه‌تیشی هەر ئەوە بوو كە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و تەباییی گەلەكەی داوا دەكرد”.
باسی لەوەش کرد، “مێژووی گه‌لی كوردستان، مێژووی هه‌وڵ و تێكۆشانى میلله‌تێكه كه ویستوویه‌تی و ده‌یه‌وێت دوور له غه‌در و پێشێلكردنى ماف، له سایه‌ی دانپێدانانی مافه ڕه‌واكانیدا، به ئاشتی و برایه‌تی، پێكه‌وه له‌گه‌ڵ ميلله‌ت و گه‌لانى برا و هاونیشتمان و هاوچاره‌نووسیدا بژیت. گه‌لێك، هه‌میشه ویستوویه‌تی كێشه‌یەكه‌ى سیاسییانە، به ئاشتی و لێكگه‌یشتن و دوور له شه‌ڕ و كاولكاری چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێتەوە”.
لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای شەهیدبوونی پیشەوا قازی، عەلی قازیی کۆچکردوو، عەوداڵی وڵات بوو، هەر لەو پێناوەشدا زۆر دەربەدەری و ماندووبوونی بۆ وڵاتەکەی بینی و لە کۆتاییدا هاتەوە ناو باوەشی وڵاتەکەی. بە خێر بێیتەوە و ئارام بنوێت کوڕەکەی پێشەوامان. سڵاو له گیانی پاكی كاكه عه‌لی و دروود بۆ یادی پێشه‌وای نه‌مر و شه‌هیدانی بنه‌ماڵه‌ی خانه‌دان و كوردستانپه‌روه‌ری قازییه‌كان و سه‌رجه‌م شه‌هیدان و تێكۆشه‌رانی كوردستان.