پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بڕیاریدا ژوورێكی عەمەلیاتی لە ناكاو پێكبهێنێت بۆ تاوتوێكردنی گیروگرفتەكانی وشكەساڵی و ئامادەكردنی پلانێكی تایبەت بەرووبەڕوبوونەوە و بەرەنگاربونەوەی وشكەساڵی و دواتر پلانەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت بەمەبەستی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ چارەسەركردن و روبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و كەم كردنەوەی كاریگەری زیانەكان لە سەر جوتیاران.
رۆژی سێ شەمە بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و بەئامادبوونی بریكار و راوێژكاران و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت كۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی راوێژكاری وەزارەت بەڕێوەچوو.
كۆبونەوەی ئەمجارەی ئەنجومەنی راوێژكاری تایبەتكرابوو بە باسكردن لە سەر ئامادەكاریەكانی روبەروبوونەوەی دیاردەی وشكەساڵی و چۆنیەتی چارەسەركردنی گیروگرفتاكانی تایبەت بەم بابەتە، بۆ هەمان مەبەست راپۆرتێكی تایبەت بە داهاتی ئاو وشكەساڵی و زیانەكانی لە لایەن بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو و بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگاكانی ئاوی هەرێم خوێندرایەوەو تاوتوێی لێكەوتەو پێشهاتەكانی وشكەساڵی كرا لە هەرێمی كوردستان.
دوای گفتوگۆو ئاڵوگۆڕكردنی ڕاو سەرنجەكان بڕیار لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:-
1. بڕیاردرا ژوورێكی عەمەلیاتی لە ناكاو پێكبهێنرێت بۆ دیراسەكردنی گیروگرفتەكانی وشكەساڵی و ئامادەكردنی پلانێكی تایبەت بەروبەروبوونەو و بەرەنگاربونەوەی وشكەساڵی و دواتر پلانەكە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت بەمەبەستی دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ چارەسەركردن و روبەروبوونەوەی وشكەساڵی و كەم كردنەوەی كاریگەری زیانەكان لە سەر جوتیاران.
2. بڕیاردرا بەزووترین كات پەیوەندی بكرێت بە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق بۆ ئەوەی لە پلانی روبەروبوونەوەی وشكەساڵی هەماهەنگی بكرێت بۆ دروستكردنی پرۆژەكانی تایبەت بە ئاودێری و بەنداو لە هەرێمی كوردستان، وە داوا لە وەزارەتی بازرگانی عێراق بكرێت بەزووترین كات دەرگای سایلۆكان بەرووی جوتیارانی هەرێرم بكاتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی بەرهەمهاتوی ئەم ساڵ.
3. داوابكرێت لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابین كردنی بودجەیەكی فریاگوزاری بۆ روبەروبوونەوەی وشكەساڵی بۆ دابینكردنی پێداویستی عەلەف بۆ ئاژەڵ ، وە بابەتی چاكردنی پرۆژەكانی ئاودێری و دروستكردنی پۆند بۆ گلدانەوەی ئاوی باران.
4. بڕیار درا بەدابەزاندن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان و ئیدارەی گەرمیان بۆ مەبەستی كارئاسانی كردن بۆ هێنانی عەلەف و ماددەعەلەفیەكانی تایبەت بەخۆراكی ئاژەڵی و پەلەوەری و ماسی بۆ كەم كردنەوەی ئاستەنگەكانی بەردەم هاوردەكردنی ماددەعەلەفیەكان و كەم كردنەوەی كاریگەری كەمی لەوەڕگاكان لەسەر خاوەن ئاژەڵەكان و خاوەن پرۆژەكانی سامانی ئاژەڵ و دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ كۆنترۆڵی ئەو ئافات و نەخۆشیانەی كە بەهۆی وشكە ساڵیەوە بڵاودەبێتەوە.
5. بڕیاردرا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەكانی ئاو رەشنوسی تایبەت بە هەمواركردنەوەی رێنمای هەڵكەندنی بیر ئامادەبكرێت و لە وۆركشۆپێكی تایبەتدا لە لایەن لێژنەی یاسایی بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاودێری و ئاوی ژێرزەوی ئەنجام بدرێت بەمەبەستی هەمواركردنەوەی رێنمایی ژمارە 1 ی ساڵی 2015 تایبەت بە هەڵكەندنی بیر.
6. بڕیاردرا لەلایەن وەزارەتمان بەدواداچون بكرێت بۆ پرۆژەكانی تایبەت بە بودجەی دابینكراو بۆ پرۆژەكانی ئاودێری و بەنداو پۆند وپرۆژە ستراتیژیەكانی كەپەیوەندی بەئاودێریەوە هەیە لە وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەوەی كاری لەسەربكرێت بۆ كەمكردنەوەی گرفتەكانی وشكەساڵی.