پۆڵەندا رازی نییە لیژنەكەی پەرلەمان سەردانی سنوری بێلاروس و وڵاتەکەی بكات

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، پێشتر بڕیاربوو لیژنەیەكی پەرلەمان بۆ ئاگاداربوون لەدۆخی كۆچبەران سەردانی پۆڵەندا بكات، بەڵام ئەو وڵاتە بە ئەنجامدانی ئەو سەردانە رازی نییە.

ڕێبوار بابكەیی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و ڕەوەندی كوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە، ئەوان ئامادەن بۆ ئەو سەردانەو نوسراوێكیان لە ڕێگای كونسوڵخانەی پۆڵەنداوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا ناردووە كە تێیدا ئەجێندا و بەرنامەی خۆیان بۆ سەردانەكە دیاریكردووە.

وتیشی، “داوامان كرد لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆببینەوە وە لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش كۆببینەوە ئینجا سەردانی كۆچبەران لە خاڵە سنورییەكانی نێوان بیلا ڕوسیا و پۆڵەندا بكەین بۆ ئەو كەمپانەی كۆچبەری ئێمەی تێدایە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبەرئەوەی حكومەتی پۆڵەندا باری نائاسایی ڕاگەیاندووە لەهەندێك شوێن ڕێگە نادات ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و لیژنە سیاسییەكان و میدیاكاران سەردانی ئەو شوێنانە بكەن بۆ ئەو مەبەستە تا ئێستا رەزامەندی لەسەر سەردانەكەی ئەوان نەداوە.

پێشتر پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا بە ناردنی لیژنەیەك بۆ پۆڵەندا تاوەكو لە نزیكەوە ئاگاداری دۆخی كۆچبەرانی كورد بێت و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەو رێكخراوە مرۆییەكان كۆببنەوە بۆئەوەی كار بۆ چارەسەری ئەو كێشانە بكەن كە رووبەڕووی كۆچبەران بوونەتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا