گۆڕان پڕۆژەی دروستكردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكەی پەسەندكرد

پۆڵەتیك پرێس

بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی هەردوو جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، پڕۆژەی دروستكردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندكرا کە ئەركەكانی بریتی دەبێت لە ئیدارەدانی بزوتنەوەكە و ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی.

لە راگەیەنراوی كۆبونەوەكەدا هاتووە، هەردوو جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی دوا پێشهاتە سیاسی و ئابوریەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەڵوێستەكردن لەسەر پرسی كۆچی گەنجان و هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوروپا و، دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوە.

دەشڵێن، “راستیەكی بەڵگە نەویستە، بە هەند وەرنەگرتنی پاكێجەكانی چاكسازی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵە بەردەوامەكانی لە پێناو گۆڕانكاریكردن لە شێوازی ڕێكخستن و دابەشكردنی داهات و سامانی گشتی بە شێوەیەكی دادپەروەرانە، هەروەها فراوانبونی تۆڕەكانی گەندەڵی و لاوازی و كەمی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكان هۆكاری بنەڕەتین لە نەمانی متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵات و سەرهەڵگرتنی سەدان گەنج و لاو و هاونیشتیمانی”.

هاوكات لەبارەی دۆخی پەیوەست بەكاری رێكخراوەی گۆڕانیشەوە باس لەوەكراوە، هەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتی دیدگایەكی هاوبەشیان پێكەوە گەڵاڵەكرد بۆ خۆڕێكخستنەوە و بەخۆداچونەوەی بزوتنەوەكە.

‏‎ئاماژە بەوەشكراوە، پڕۆژەی دروستكردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن هەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتیەوە پەسەندكرا، كە بۆ ماوەیەكی كاتی دروستدەكرێت و ئەركەكانی بریتی دەبێت لە ئیدارەدانی بزوتنەوەكە و پێداچونەوە بە گوتاری سیاسی و میدیایی و ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی، بۆ دیاریكردنی ئەندامانی ئەو دەستەیەش، هەر دوو جڤات گروپێكی پێنج كەسیان ڕاسپارد كە هەستن بە ئەنجامدانی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوە دیارانەی كە ئامادەن لە قۆناغی خۆڕێكخستنەوەی گۆڕاندا لە بزوتنەوەكەدا كار بكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا