پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان داوای لەحكومەتی عێراق كردووە سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگرێت و بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت، پلانمان ئەوەیە لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت كۆبینەوە بۆ دیاریكردنی نرخێك بۆ ئەوەی جووتیاران گەنمەكانیان بەو كۆمپانیایانە بفرۆشن.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار بدات سەرجەم گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت.
وتیشی داوایان لە لیژنەی بەبازاڕكردنی گەنمی عێراق كردووە ماوەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران درێژبكرێتەوە و بڕی ئەو گەنمەش كە لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت، زیاد بكرێت ئەگەر ئەمە نەكرێت ئەوا گەنمی جووتیاران بەنرخێكی دیاریكراو دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بە هەردوو كۆمپانیای خۆشناو و قەیوان دەفرۆشرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، ئەمساڵ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە سنوورداركراوە.
هاوكات، وەرنەگرتنی سەرجەمی گەنمی هەرێم لەلایەن عێراقەوە بۆ زۆری بەرهەمەكە دەگەڕێتەوە لە ئەمساڵدا كە بەهۆی بارینی بڕێكی زۆر باران و نەبوونی وشكەساڵییەوە بەرهەمهاتووە.