كۆرۆنا بووەتە مەترسی بۆ سەر پەرلەمانی عێراق

پۆڵەتیك پرێس:
بەهۆی تووشبوونی ژمارەیەكی زۆر لەپەرلەمانتارانی عێراق ترسێكی زۆر لەناو پەرلەمانتاران بڵاوبووەتەوەو بەو هۆیەشەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان ناتوانێت بانگهێشتی پەرلەمانتاران بۆ كۆبوونەوە بكات.

ماوەی رابردوو راگەیەنرا، كە یەك لەسەر سێی پەرلەمانتارانی عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەو هۆیەوە ترس لەدەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی خولی یاسادان هەیە.

موختار موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق لەو بارەوە دەڵێت: پەرلەمانی عێراق لەتوانایدا نییە دانیشتنەكانی لە ماوەی داهاتوودا بەڕێوەببات، بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆر لەو پەرلەمانتارانەی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.

موختار موسەوی دەشڵێت: تەنانەت ئەگەر سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقیش بانگهێشتی پەرلەمانتارانیش بكات بۆ ئامادەبوون لەدانیشتنەكاندا پێدەچێت ژمارەیەكی زۆر لەپەرلەمانتاران بەهۆی ترسیان لەتووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادەی دانیشتن نابن.

ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەست بەكارەكانی دەكات و تاوتوێی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی دەكات، كە ڕۆژی پێنج شەممە 3 ی ئەیلولی 2020 وادەی نوێی یاسادانان دەستپێدەكات و ئەنجوومەنەكە ڕۆژی شەممە دەست بە كارەكانی دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا