وەزارەتی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەواژووكردنی رێككەوتنی كۆتایی نزیكدەبنەوە

پۆڵەتیك پرێس:
وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر سێ خاڵ كۆكن‌و لەواژووكردنی رێككەوتنێكیش نزیكن، ئەمەش دوای ماوەیەك لەبەردەوامی گفتوگۆكانی نێوانیان.

لەو بارەوە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: هێشتا لەگەڵ سوپای عێراق لەبارەی ناوەندەكانی هەماهەنگی لە گفتوگۆداین، بەڵام لێكتێگەیشتی باش دروستبوون و پرۆسەی هەماهەنگیش تەنیا ناوەند نییە، دامەزراندنی ناوەندی هەماهەنگی و دامەزراندنی هێڵی هاوبەشی هەماهەنگی و پرۆسەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەشە.

جەبار یاوەر وتیشی: لە زۆربەی خاڵەكان گەیشتوینەتە لیكتێگەیشتنی باش لەنێوان فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سوپای عێراق‌و نزیكین لەواژووكردنی كۆتایی و ڕێككەوتن لەسەر كاری ناوەندەكان و دەستكردن بەئۆپراسیۆنی هاوبەش.

هەروەها وتی: لە هیچ جێگەیەك و لە خانەقینەوە تا ڕەبیعە و بە درێژای سنوری پێنج پارێزگا ئاڵوگۆڕی جێگەی سەربازی هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە نەكراوە و هێزەكان لە جێگەی خۆیاندان و تەنیا لەكاتی پێویست و پاش ڕێككەوتن لەسەر ئۆپراسیۆنی هاوبەش، جوڵە بەهێزەكان دەكرێت لەو بۆشاییانەی دروستبوون.

دەربارەی پشك و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە لەبودجەی گشتی عیراق، جەبار یاوەر ئەوەی خستەروو، موچە و هەموو پێویستییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشكەش بە وەزارەتی دارایی دەكرێن و وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران بەرپرسن لەسەر بودجەی گشتی عێراق شایستە و موچەی پێشمەرگە فەراهەم بكەن.

ماوەیەكە وەزارەتی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەگفتوگۆدان، بۆ ئەوەی لەسەر چەند خاڵێك بۆ هەماهەنگیكردن رێكبكەون، كە رێككەوتنەكەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعشە لەناوچە كێشە لەسەرەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا