کازمی: عێراقییەکان جیهانیان لە تارمایی تیرۆر رزگارکرد

پۆڵەتیک پرێس

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە لە رزگارکردنی جیهان لە تارمایی تیرۆر.

رۆژی شەممە مستەفا کازمی رایگەیاند، عێراقییەکان یارمەتی هەموو جیهانیاندا لە کۆتاییهێنان بە تارمایی تیرۆر کە خەریکبوو بەخێرایی بڵاوئەبووەوە، وتیشی: راستە زۆرێک لە هاوڕێیان لەپاڵ عێراقدا روبەڕوی تیرۆر بوونەوە، بەڵام لەکۆتاییدا سەرکەوتنەکە سەرکەوتنێکی عێراقی بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم هێزە ئەمنییە عێراقییەکان لە سوپا و پۆلیس و دەستەی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و دەزگای هەواڵگری و هێزەکانی دیکە پشکیان لەم سەرکەوتنەدا هەبوو، بەڵام رۆڵی هێزەکانی دژە تیرۆر لە هەمووان دیارتربوو.

کازمی جەختی لەوەشکردەوە، لە ئێستادا روبەڕوی جۆرێکی دیکەی تیرۆر دەبینەوە کە ئەویش روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و رێکخستنەوەی دەروازە سنورییەکان و رێگریکردن لە چەکی نایاسایی و رێگریکردنە لە دەستوەردانی بیانی.

رۆژی شەممە کۆنگرەی زانستی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە بەغدا دەستیپێکرد و بڕیارە بۆماوەی دوو رۆژ بەردەوامبێت و ئامانج لێی دۆزینەوەی ستراتیژێکە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و دانانی پلانی ساڵانی داهاتووی دەزگای دژەتیرۆر.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا