کازمی هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە لە بەرهەم ساڵح و لایەنە سیاسییەکان دەکات

پۆڵەتیک پرێس:

هەفتەی ڕابردوو شاری بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بینەری پێشهاتێکی مەترسیدار بوون، ئەویش چونەناوەوەی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەی سەوزی شاری بەغدا و جوڵاندنی سوپای عێراق بوو بە تانک و زرێپۆشەوە بەرامبەر حەشد.

ئەوەی بینەری ئەو دیمەنانە بووبێت پێیوابووە کودەتا لە عێراق ڕوودەدات، چونکە حەشدی شەعبی هەر بەتەنها نەچوونە نێو ستراتیژیترین ناوچەی عێراق کە ناوچەی سەوزە، بەڵکو لەوێدا هەڕەشەی کوشتنیان لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، ئەگەر بێتوو قاسم موسڵیح، سەرکردەی دەستگیرکراوی حەشدی شەعبی ئازاد نەکرێت.

زۆرینەی سیاسییەکانی عێراق ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بۆ دامرکانەوەی گرژییەکانی حکومەت و حەشدی شەعبی لەسەر خەتبوون، هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح بەپەلە خۆی گەیاندە ناوچەی سەوز و لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبوەوە، کازمی بە توندی بەرامبەر عامری قسەیکردووە و وتویەتی، ئەگەر حەشدی شەعبی لەناوچەی سەوز نەکشێتەوە، ئەوا دەچێتەسەر تەلەفیزیۆن و دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشکەشدەکات.

کازمی بەرپرسیارێتی هەرەسهێنانی دەوڵەتی عێراقی خستووەتە ئەستۆی ئەو لایەنە شیعانەی لەئێرانەوە نزیکن

کازمی بەرپرسیارێتی هەرەسهێنانی دەوڵەتی عێراقی خستووەتە ئەستۆی ئەو لایەنە شیعانەی لەئێرانەوە نزیکن، بەپێی وتەی کەسە نزیکەکەکانی سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، هادی عامری کاتێک بەوشێوەیە کازمی قسەیکردووە توشی سەرسوڕمان بووە.

کازمی هەر بەوەوە نەوەستاوە لەبەرچاوی هادی عامری کە کەسێکی گوێ بۆگیراوە لای میلیشیا شیعەکان بە توندی قسەبکات، بەڵکو پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقەوە کردووە و سەرۆکایەتی کۆمار و لایەنە سیاسییەکانی خستووەتە بەردەم دوو بژاردە و وتویەتی “ئەگەر دەستکراوەی نەکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ حەشدی شەعبی و کۆنترۆڵکردنیان، ئەوا دەستلەکاردەکێشێتەوە.

لەڕووی یاساییەوە حەشدی شەعبی و هەموو هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی مستەفا کازمیدان وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع، هێزە چەکدارەکان دابەشبوون و هەریەکە و فەرمان لە بەرپرسێکەوە وەردەگرن.

لەپاش ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەردەوام لەکۆبوونەوەدان و دەیانەوێت دەرچەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە کە بەهۆی میلیشیا شیعەکانەوە دروستبووە.

مستەفا کازمی لەبارەی ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردووی بەغداوە دەڵێت، “بە حیکمەتەوە مامەڵەمان لەگەڵ ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو کرد، هەوڵێک هەبوو بەرەو نادیار ئاڕاستەمان بکەن، بەڵام لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق لەو دۆخە دەرچووین”.

ئێستا جۆرێک لە ئیحراجی بۆ کازمی دروستبووە و وێنەی ئەو وا دەرکەوتووە، ناتوانێت حەشدی شەعبی جڵەو بکات

کازمی لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەوە سێیەمینجارە گرژیی و ئاڵۆزیی حکومەت لەگەڵ حەشدی شەعبی ڕوودەدات، یەکەمجار تەنیا دوو مانگ دوای دەستبەکاربوونی بوو لە پۆستەکەی، بۆیە ئێستا جۆرێک لە ئیحراجی بۆ کازمی دروستبووە و وێنەی ئەو وا دەرکەوتووە، ناتوانێت حەشدی شەعبی جڵەو بکات.

زۆر کەس پێیانوایە، ئەگەر کازمی بەرهەم ساڵحی خستبێتە بەردەم بژاردەی دەستلەکارکێشانەوە ئەوا هەنگاوێکی “بوێرانە و ئازایانەیە” بەمەبەستی جڵەوکردنی حەشدی شەعبی.

هەرچەندە گرژییەکانی هەفتەی ڕابردوو ڕەوینەوە، بەڵام تا ساتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە لەشاری بەغدا تانک و زرێپۆشی سەربازیی لەناوچەی سەوز دەبیندرێت، کە بارەگای سەرەکی حکومەت و پەرلەمان و نێردە دیبلۆماتییەکانە.

عەلی ڕەبیعی، سیاسەتمەداری عێراقی بۆچوونی وایە “کازمی هەر بەتەنها خاوەنی دیدێکی ڕوون نییە بۆ ڕێکخستنی ئەمنیەتی دەوڵەت و ڕێگریکردن لەو مۆرانەیەی داویەتییە حکومەت”.

هەڕەشەکانی کازمی بۆ دەستلەکارکێشانەوە شتێکی نوێ نییە لە مێژووی سەرۆک وەزیرانەکانی عێراق، بەتایبەت لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، “دەستلەکارکێشانەوە” بابەتێکی گەرم بوو، ناوی عەبدولمەهدی بەو شێوەیە بڵاوبوەوە کە سەرۆک وەزیرانێکە “نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی” لە گیرفانیدایە.

کێشەی بەرپرسانی عێراق بۆ دوای دەستلەکارکێشانەوەیان لە پۆستەکانیان لەوەدایە، پارێزبەندییەکی یاسایی بۆخۆیان وەردەگرن، بۆئەوەی هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان لەگەڵدا نەکرێت.

 

سەرچاوە: العرب

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا