یه‌كێتی سكاڵا له‌سه‌ر كه‌ناڵێك تۆمارده‌كات ئه‌گه‌ر داوای لێبووردنی لێنه‌كات

پۆڵەتیك پرێس
لەبەرامبەر بڵاوكردنەوەی نوسراوێكی ساختە بەناوی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەلایەن كەناڵی “ئێن ئاڕ تی” كادرێكی پێشكەوتووی ئەو حزبە دەڵێت:”ئەگەر كەناڵی ئێن ئاڕ تی داوای لێبوردن نەكات سكاڵای لەسەر تۆماردەكەین”.

ئەحمەد رەفیق، كادیری پێشكەوتووی یەكێتی لە مەڵبەندی دووی كەركوك بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند:”ئەو نووسراوەی بە ناوی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتییەوە بڵاوكراوەتەوە ساختەیە و فەیكی سۆشیال میدیا برەوی پێداوە”.

ئەو كادرەی یەكێتی وتیشی:”رەنگە دەزگای یەكێك لە حزبە عێراقی یان كوردستانییەكان هەستابێت بە ساختەكردنی ئەو نووسراوە”.

ئاشكراشیكرد، “له‌بەرامبەر فەیكی سۆشیال میدیا لەبەرئەوەی هیچ باجێكی لەسەر نیە و سەرچاوەكەش نادیاربێت هیچ ناوترێت، بەڵام سكاڵا لەسەر ئێن ئاڕ تی تۆماردەكەین ئەگەر ئەمڕۆ داوای لێبورد نەكات، بەو پێیەی وەكو دەزگایەكی میدیایی هەستاوە بە بڵاوكردنەوەی ئەو نووسراوە ساختەیە و گرنگی پێداوە”.

پێشتر نووسراوێك بەناوی لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركووكی یەكێتی بڵاوكرایەوە و تێیدا ئەوە هاتبوو كە نەیانتوانیوە رەزامەندی بۆ ئاهەنگی نەورۆز و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر قەڵای كەركووك بەدەستبهێن.

دواتر نووسینگەی راگەیاندنی لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركووكی یەكێتی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، داوای رەزامەندیمان لە هیچ كەس و لایەنێك نەكردووە بۆ ئاهەنگ، كەرنەڤاڵ، یادەكانی نەورۆز، راپەڕین و سەری ساڵی كوردی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا