پارتی به‌هه‌ڕه‌شه‌كردن ده‌یه‌وێت ئه‌ندامه‌كانی هه‌ده‌په‌ “سیخوڕیی” بۆ بكه‌ن

پۆڵەتیك پرێس
نوێنەرایەتی هەدەپە لەهەرێمی کوردستان، داوای ئازادكردنی ئەندامە دەستگیرکراوەکەیان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لە هەولێر، زاخۆ و دهۆک فشارێکی زۆر لەسەر ئەندامەکانیان هەیە، ئاسایش بانگیان دەکات و داوای سیخوڕییان لێدەکات، یەکێک لەو ئەندامانەی هەدەپەش کە داوای سیخوڕیی لێکراوە، رایگەیاندووە ژیانی لەمەترسیدایەو پێیان وتووە مافی ژیانت لە هەولێر نەماوە.

مزگین ئاری، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان بەپۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، “چوار مانگە لە هەولێر، زاخۆ و دهۆک فشارێکی زۆر دەخرێتە سەر ئەندامەکانمان، یەک یەک بانگییان دەکەن بۆ ئاسایش بۆ لێكۆڵینەوە لەكاتێكدا ئەندامەکانمان لەسەر فکرێکی سیاسیی، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئازار دەدرێن، ئەوانیش بەهۆیەشەوە باكوری كوردستانیان جێهێشتوەو هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە ماڵی خۆیانە، با ئێرەشیان لێنەکرێت بە زیندان”.

مزگین ئاری ڕاشیگەیاند “شەرمەزارییە، کاتێک ئەندامەکانمان بانگ دەکەن بۆ ئاسایش، داوایان لێدەکەن سیخوڕییان بۆ بکەن، چۆن دەبێت كورد سیخوڕیی بەسەر برای خۆیەوە بكات”.

ئەندامەكەی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانەشی ڕەتکردەوە، کە ئاسایش و پاراستن بیانەوێت بۆ ئەندامەکانیان دروستی بکەن و وتی: ”ناتوانن تۆمەتیان بۆ دروست بکەن، هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە”.

جەختیشیکردەوە، “ئەگەر ئەندامە دەستگیركراوەكانیان کە ئێستا لە دەستی پاراستنی پارتیدان ئازاد نەکرێن، ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان دەبەنە بەردەم پەرلەمان و بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، چونكە هیچ زانیارییەکمان لەسەرییان نییە، چەندین جار سەردانی ئاسایشمان کردوە، بەڵام نە نیشانمان دەدەن و نە ڕێگا دەدەن بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ بكەین”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا