وەزیری دارایی دڵنیایی دەدات كە 30 رۆژ جارێك موچە دابەشدەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

وەزیری دارایی هەرێم دڵنیایی دەدات لەوەی هەر 30 رۆژ جارێك موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشدەكرێت، رونكردنەوەش لەبارەی بودجەی هەرێمەوە دەداتە لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لیژنەكەیان و وەزیری دارایی هەرێم كۆبونەتەوەو تاوتوێی موچەی فەرمانبەران و بودجەی گشتی هەرێم كردووە.

وتیشی، “ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم دڵنیایی دا لیژنەكەمان كە هەر 30 رۆژ جارێك موچە دابەشدەكەن و هەموو مانگێك لە 25 مانگەوە دەست بەدابەشكردنی دەكەن”.

لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستانیشەوە كە ماوەیەكە وەزارەتی دارایی كار بۆ ئامادەكردنی دەكات، زیاد جەبار رایگەیاند، وەزیری دارایی ئاشكرایكردووە رۆژی 15ی ئەم مانگە پرۆژەكە دەنرێنە ئەنجومەنی وەزیران و دوای پەسەندكردنی دەنێردرێت بۆ پەرلەمان، كە چاوەڕوان دەكرێت بكەوێتە كۆتایی ئەم مانگە.

وتیشی، “وەزیری دارایی پێی وتین گەشبینن بەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ماوەی چەند ساڵێكە حكومەتی هەرێم ناتوانێت لەكاتی خۆیدا موچەی فەرمانبەران دابەش بكات، سەرەڕای ئەوەش بەشێكی زۆری موچەكانی پاشەكەوت كردووە، لەئێستاشدا بەلێبڕینەوە موچە دابەش دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا