وادەی ناردنی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم بۆ پەرلەمان نادیارە

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، هەرچەندە بڕیاربوو حكومەت لە كۆتایی مانگی شوبات پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم رەوانەی پەرلەمان بكات، بەڵام تا ئێستا نەیناردووە و ناشزانرێت كەی پرۆژەكە دەگاتە پەرلەمان.

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بڕیاربوو لە كۆتایی مانگی شوبات پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی هەرێم لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بەڵام تا ئێستا رەوانە نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرەتا حكومەت بەنیازبوو بە دوو شێوە پرۆژە یاسای بودجە ئامادەبكات، شێوازێكیان ئەوە بوو هەرێم و ناوەند رێكبكەوتن، شێوازێكی دیكەیان لە ئەگەری رێكنەكەوتن، چۆن بەداهاتی ناوخۆ پرۆژە یاساكە ئامادەبكرێت.

روونیشیكردەوە، رێككەوتنی هەرێم و ناوەند گرنگە و ئەگەر بكرێت بەرچاو روونی زیاتر دەدات بە حكومەتی هەرێم لە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی هەرێم.

ماوەی حەوت ساڵە حكومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجەی نەناردووە بۆ پەرلەمانی كوردستان و ئەمەش بووەتەهۆی ئەوەی داهات و خەرجییەكانی هەرێم بە ناڕوونی بمێنێتەوە.

لە ماوەی رابردوشدا دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژە یاساكە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەكەن و رەوانەی پەرلەمانی دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا