پۆڵه‌تیك پرێس
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ى ئه‌و ره‌خنانه‌ى تایبه‌ت به یاسایى قه‌رز ئاڕاسته‌یان كراوه ده‌ڵێت “نەک ئەمجارە چەندین جاری تریش یاسای قەرز بێتە پەرلەمان دەنگی پێنادەم، چونكه هه‌نگاوێكى هه‌ڵه‌یه”.
ڕۆژی پێنج شه‌ممه په‌رله‌مانی عێراق یاسای قه‌رزی تێپه‌ڕاند، كه له‌یاساكه‌دا پشكی كورد به‌ستراوه‌ته‌وه به ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم به به‌غدا، دواى تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌ش په‌رله‌مانتارانى كورد ڕوبه‌ڕووى ڕه‌خنه‌یه‌كى زۆربونه‌وه.
هۆشیار عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك له ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا نوسیویه‌تى “لەگەڵ ئەحمەدی حاجی رەشید هەر زو خۆمان یەکلاکردەوە کە لەهیچ بارێک‌دا دەنگ بەو قەرزکردنە نادەین چونکە پێمان وابوو بەردەوام بون لەسەر سیاسەتی قەرزکردن هەنگاوێکی هەڵە و وێرانکردنی ئابوری عێراقە و دەنگی پێنادەین”.
ده‌شڵێت، “لە گفتوگۆکانی ناو لیژنەی داراییەوە هەر دوای ئەوەی ئەو مادەیەی سەبارەت بە هەرێم کە داوای 480 هەزار بەرمیل نەوتی دەکرد، گۆڕا بۆ ئەو پشکەی كۆمپانیای سۆمۆ دیاری دەکات، كۆبۆونه‌وه‌كه‌مان جێهێشت”.
لاى خۆیشیه‌وه سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌دین، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق باسى له‌وه كردووه، دواى ئه‌وه‌ى له كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا لایەنە شیعەکان پێشنیاریان كرد حکومەتی هەرێم بڕی 480 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان به به‌غدا بدات، له به‌رامبه‌ریشدا عێراق تێچوی دەرهێنانی نەوت ئەگرێتە ئەستۆی خۆی و بۆ ئەم سێ مانگەی ماوە ۲.۲۸ ترلیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێرێت”.
ده‌شڵێت، سه‌ره‌تا پارتی (حکومەتی هەرێم بە تەلەفۆن) رەزامەندی پیشاندا بەڵام دواتر پەشیمان بونەوە و پێشنیاریانكرد، بۆ ئەم سێ مانگە رێکەوتنی پێشتری حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق لەسەر ناردنی 320 ملیار دینار بەردەوام بێت.
به وته‌ى ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه، له‌ئێستاشدا ئەگەر هەرێم نەوت بدات بە عێراق دەتوانرێت کێشەی موچە بەتەوای چارەسەر بکرێت بێ دواکەوتن و لێ برین.