پەیامی ئەکادیمیای بەدرخان لە یادی رۆژنامەگەری کوردیدا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حەمید ئەبوبەکر بەدرخان، بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان بەبۆنەی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیی پەیامێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، لەو یادەدا نامانەوێت قسەکانی ساڵانی پێشووتر دووپات بکەینەوە، بەڵکو چاومان لەوەیە پتر بگەڕێین بەشکو بتوانین بەهاوکاریی دڵسۆزان،  ژمارە ١٩ ی ڕۆژنامەی کوردستان، کە تا ئێستا بزرە، بدۆزینەوە .

دەقی پەیامەکە:

لە یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی نۆبەرەی رۆژنامەی کوردی

گەلی کورد، بە درێژایی مێژوو ژێردەستەیی زۆر دیوە  و ستەمی لێکراوە، بەڵام هەرگیز سەری دانەنەواندووە بۆ دوژمنانی… بەدرخانییەکان، میرنشینییەکەیان لەپێناوی سەردانەنەواندن دانا! دوای ئەوەش درێغییان نەکردووە و رۆڵەکانیان چەندین کاری ناوازەیان کردووە، بەڵام کاری دیار و جیاوازیان دەرچواندنی یەکەمین نۆبەرەی ڕۆژنامەی کوردییە بەناوی ( کوردستان )، کە  بە کوردی و تورکی، جوتە برا ( میقداد بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان ) لە ٢١\٤\١٩٩٨ لە قاهیرە لە چاپخانەی هیلال لە قاهیرە، دەریانچواند.

جۆرجی زێدان، هەم نووسەرێکی میسری و هەم خاوەنی چاپخانەی دار  هیلال بوو لە قاهیرە و بەگەرمی باوەشی بۆ ئەو جووتە برایە بەدرخانییە کردەوە، بەڵام بەداخەوە، جوتەبرا ناچاربوون رۆژنامەکە لە جنێف و …. یش چاپ بکەن، ئەمە  بەڵگەیە کە جۆرجی زێدانیش لەلایەن عوسمانییەکانەوە فشاری لەسەربووە کە رۆژنامەکەیان بۆ چاپ نەکات.

ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتور لە ساڵانی (٢٠٠٤ – ٢٠٢٣ ) لە ١٦ وڵاتی جیاواز، شازدە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخانی لە یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و هونەری،  ئەنجامداوە …

لەو یادەدا نامانەوێت قسەکانی ساڵانی پێشووتر دووپات بکەینەوە، بەڵکو چاومان لەوەیە پتر بگەڕێین بەشکو بتوانین بەهاوکاریی دڵسۆزان،  ژمارە ١٩ ی ڕۆژنامەی کوردستان، کە تا ئێستا بزرە، بدۆزینەوە …

شیاوی باسە، لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردووی تەمەنی ئەکادیمیای  بەدرخان، چەندین نووسەر و رۆژنامەوان،  لە ( ئەندامانی بۆرد و دەستەی نووسەران ) خۆبەخشانە لەهەموو بوارەکانی ( ڕۆژنامەی بەدرخان و چالاکییەکان و فێستیڤاڵەکانی بەدرخان و سیمینارەکان و چاپکردنی کتێب و ئینسایکڵۆپیدیای هەولێر … ) کاریانکردووە، ئەمە هەم  جێگای دەستخۆشییە و  هەم لەلای خۆمەوە پێیدەزانم.

لەماوەی رابردوودا ئەکادیمیای بەدرخان بە ئەرکی سەرشان و خەمی خۆی زانیوە یادی هەر یەک لە نەمران (  مارف خەزنەدار و کەمال فوئاد ) بکاتەوە لە بەرانبەر خزمەتیان بە کولتوریی کورد و دۆزینەوەی ژمارە ئۆرجیناڵەکانی ڕۆژنامەی کوردستان. هەڵبەت سەرەتا ژمارە ( ١ ) ی ڕۆژنامەکە لە مۆسکۆ ،  ساڵی 1968 لەلایەن دکتۆر مارف خەزنەدار و   ٢٧  ژمارەیتر لە ئەڵمانیا  لەلایەن دکتۆر کەمال فوئاد لە ساڵی ١٩٧١و پاشان ژمارە (١٠) و (١٢) لەلایەن دکتۆر جەلیلی جەلیل دۆزرایەوە، کە  لە فێستیڤاڵی بەدرخان لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دهۆک راگەیەندرا .

ئەکادیمیای بەدرخان توانی لەدوای کۆچی دوایی مارف خەزنەدار، لە چلەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٠ کتێبێک ئامادەبکات بە نێوی (  مارف خەزنەدار ،مەملەکەتێک لە کتێب ) و بۆ کەمال فوئادیش کتێبێک بەناوی ( کەمال فوئاد ، پیاوێک لە یاقوت ) لە ساڵی 2016 چاپ و بڵاوبکاتەوە…. سەرەڕای ئەوانەش سەرجەم ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لە دوو چاپی جیاواز لە ئێران و میسر جگە لە ژمارە 19 چاپ و بڵاوکردەوە .

بەهیواین ڕۆژنامەنووسان، پڕۆژەکانیان پەرەپێبدەن بە مەبەستی بەردەوامبوون و بوژاندنەوەی پتری بواری رۆژنامەوانیی کوردی.

٭  درود بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کەم و زۆر، بەگوێرەی توانایان، لە خەمی هۆشیارکردنەوەی گەلەکەیانبوون .

حەمید ئەبوبەکر بەدرخان

بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان

ئەڵمانیا

٢١\٤\٢٠٢٤

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا