پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاشکرایکرد، تا ئێستا هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل هیچ کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی عەلوەی شاری سلێمانی دانەناوە و بازرگانییکردن لەنێوان هەردوو وڵات ئاساییە.
سەروەر عەلی سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، نزیکەی %60ـی کۆی بازاڕی سەوزە و میوەی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت و هێشتا بەروبوومی هەرێمی کوردستان پێنەگەیشتووە، بۆیە هەرێم بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بە هاوردەکردنی سەوزە و میوەی ئێران دەبەستێت.
باسی لەوەشکرد، تا ئێستا هێرشەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل کاریگەریی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی و نرخی سەوزە و میوە لە شاری سلێمانی دانەناوە بەڵام “لەئەگەری داخستنی سنوورەکان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی هەرێم دادەنێت و نرخەکان بەرزدەبنەوە”.
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەشڵێت، لەکاتی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە تمەن هەموو کاڵایەک کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت گران دەبێت چونکە دراوی سەرەکیی مامەڵەکردن دۆلارە.