پۆڵه‌تیك پرێس:
حه‌شدی پاراستنی مه‌زاره ئاینییه‌كانی نه‌جه‌ف كه نزیكن له مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق، له‌هه‌نگاوێكی نوێ‌دا ڕێگه‌ی گه‌یشتنی به‌شێك له‌حه‌شدی شه‌عبی به‌په‌رله‌مانی عێراق داده‌خه‌ن.
حه‌شدی مه‌زارگه‌كانی نه‌جه‌ف كه به “حه‌شدی نه‌جه‌ف”یش ناوده‌برێت، له‌كۆنگره‌ی خۆیدا كه بۆ دووباره داڕشتنه‌وه‌ی پۆسته‌كان ئه‌نجامیدا، كۆمه‌ڵێك بڕیاری نوێده‌دات گرنگترینیان بریتییه له‌وه‌ی، له‌ئه‌ندامه‌كانی قه‌ده‌غه ده‌كات په‌یوه‌ندیی حزبییان به‌لایه‌نێكی سیاسییه‌وه هه‌بێت، یاخود به‌شداریی له‌چالاكییه سیاسییه‌كان بكه‌ن.
حه‌شدی نه‌جه‌ف كه شه‌ش ساڵ پێش ئێستا له‌سه‌روبه‌ندی هێرشی داعش بۆسه‌ر عێراق به‌مه‌به‌ستی پاراستنی مه‌زاره ئاینییه‌كانی شیعه پێكهێندرا، به نزیك له عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق ناوده‌برێت و له ئه‌ندامه‌كانی قه‌ده‌غه ده‌كات خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق كاندید بكه‌ن، ئه‌و ئه‌ندامانه ته‌نیا مافی ده‌نگدانیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی له‌كۆنگره‌كه‌ی حه‌شدی نه‌جه‌ف جیاواز بیندرا ئه‌وه‌بوو، تابلۆی بانگه‌شه‌ی كۆنگره به‌بێ وێنه‌ی هیچ سیاسیی و كه‌سایه‌تییه‌ك، ته‌نانه‌ت به‌بێ وێنه‌ی عه‌لی سیستانی چاپكرابوو.
ڕێكخه‌رانی كۆنگره‌كه جارێكی دیكه ئه‌وه‌یان دوپاتكرده‌وه، كه هه‌رچه‌نده هێزه‌كانی نێو حه‌شدی نه‌جه‌ف په‌یوه‌ستن به فه‌رمانه‌كانی مه‌رجه‌عیه‌ت، به‌ڵام به‌هه‌مانشێوه له‌ژێر فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقدان.
دیارترین هێزه‌كانی نێو حه‌شدی نه‌جه‌ف بریتین له فیرقه‌ی ئیمام عه‌لی، لیوای عه‌لی ئه‌كبه‌ر، فیرقه‌ی عه‌باسی شه‌ڕكه‌ر، لیوای ئه‌نسار مه‌رجه‌عیه، ئه‌و هێزانه‌ش نزیكه‌ی 40%ی كۆی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پێكده‌هێنن.