لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ژمارەیەک هاوڵاتیی بیانی کوژران

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆسەر ناوچەیەکی کەرتی غەززە کوژرانی 7 کەسی لێکەوتەوە کە لەناویاندا هاوڵاتییانی وڵاتانی ئوسترالیا، بەریتانیا و پۆڵەندا هەیە.

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە (2ـی نیسان) قافڵەیەکی ئۆتۆمبێلەکانی رێکخراوی خێرخوازیی چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی (World Central Kitchen)، کە هاوکاریی مرۆییان دەگەیاندە هاوڵاتییانی غەززە، لەلایەن ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج و حەوت ئەندامی رێکخراوەکە کوژران.

لە هێرشەکەدا سێ کەس کە هاوڵاتیی وڵاتەکەنای کەنەدا، بەریتانیا و پۆڵەندان کوژراون لەگەڵ 4 هاوڵاتیی دیکەی فەڵەستینی کە ئەوانیش ئەندامی رێکخراوەکە بوون و یارمەتییان دەگەیاندە هاوڵاتییانی کەرتی غەززە.

رێکخراوەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرایکردووە، دوو هاوڵاتیی ئەمریکی و کەنەدی لەگەڵ ژمارەیەک هاوڵاتیی فەڵەستینی لەناو دوو ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕدا بوون و لۆگۆی کۆمپانیاکانیان بە تەواوی ئۆتۆمبێلەکەوە بووە، بەڵام لەناکاو لە ناوچەی “دێر ئەلبەلاهـ” لە کەرتی غەززە کراونەتە ئامانج و حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.

بە گوێرەی بەیاننامەکە، رێکخراوەکە مۆڵەتی هاتووچۆی لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل وەرگرتووە و ئاگاداریانکردوونەتەوە کە قافڵەیەکی ئۆتۆمبێلەکانیان بەمەبەستی گەیاندنی100 تۆن هاوکاریی مرۆیی کە لە رێگەی دەریاوە بۆ کەرتی غەززە نێردراوە، بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش دەکەن.

ئێرین گۆر، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند، “ئەمە تەنها هێرشێک نییە لەدژی رێکخراوەکەمان، بەڵکو هێرشە بۆسەر تەواوی دامەزراوە خێرخوازییەکان کە دەیانەوێت لە کاتێکی سەختدا هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە هاوڵاتییانی کەرتی غەززە لەکاتێکدا خۆراک وەک چەکێکی جەنگ بەکاردەهێندرێت”.

رێکخراوی چێشتخانەی ناوەندیی جیهانی، رێکخراوێکی خێرخوازیی ئەمریکییە و خواردن بۆ ئەو هاوڵاتییانە ئامادە دەکات کە بەهۆی جەنگ یاخود هەر کێشەیەکەوە بێت، رووبەڕووی برسیەتی بوونەتەوە. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پێشووتری رێکخراوەکە، بەدرێژایی 179 رۆژی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین، زیاتر لە 42 ملیۆن ژەمەخۆراکیان بۆ هاوڵاتییانی کەرتی غەززە دابینکردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا