خەڵكی كەركوك ترسیان لەداعش هەیە

پۆڵەتیك پرێس:
دەركەوتنی چەكدارەكانی داعش لەچەند ناوچەیەكی كەركوك بەتایبەتی لەشەواندا، ترسی لای خەڵكی كەركوك بەگشتی‌و گوندەكان بەتایبەتی دروستكردووە.

دەشتی ستار دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لەساڵی 2003 دا گەڕاوەتەوە گوندەكەی خۆی لەدارمانۆ، بەڵام دوای ئەوەی چەكدارانی داعش هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەی، بڕیاریدا بۆ هەمیشە زێدی خۆی بەجێبهێڵێت.

دەشتی ستار لەو بارەوە دەڵێت: ئەو چەكدارانەی سەر بەرێكخراوی داعش لەكاتی هەڵكوتانە سەر گوندەكەیان، هەڕەشەیان كردووەو چەندین كەلوپەل‌و خواردنیان لەماڵەكان بردووە.

دەشتی وتیشی: چەكدارانی داعش بەگشتی لەشەواندا دەردەكەون، كە دەدەن بەسەر گوندەكانی دەوروبەری كەركوك‌و چیان بوێت دەیبەن، تەنانەت زۆرجار خەڵكی دەرفێنن‌و هێرش دەكەنە سەر ئەو ماڵانەی خەڵكی تێدایە، بۆ ئەوەی هەڵبێن‌و ئەوان چیان بوێت، لەگەڵ خۆیان بیبەن.

سەرەڕای ڕاگەیاندنی شكستی داعش لەعێراق لە مانگی 12ی ساڵی 2017، بەڵام پاشماوەكانی ئەو گروپە چەكدارییە بەچالاكییەوە ماونەتەوە، بە تایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان.

داعش لەسەرەتای ئەم مانگەدا هێرشی كردە سەر ناوچەی شێخ بزینی و لە هێرشەكەدا سێ كەسیان كوشت، كە سەرچاوە ئەمنییەكانی كورد ڕایانگەیاند، هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان بەجوڵە كردووە، بۆ ئەوەی رێگری لەهێرشی چەكدارانی داعش بكەن.

بەقسەی سەرچاوەكان، هێزەكانی پێشمەرگە لەكاتی هێرش‌و ئۆپەراسیۆن بۆ سەر چەكدارانی داعش چەند حەشارگەیەكیان دۆزیوەتەوەو ئەو حەشارگانەشیان تێكداوە.

لەو بارەشەوە سەرچاوەیەك لەهەواڵگری هێزەكانی پێشمەرگە رایگەیاندووە، پێویستمان بەیارمەتی خەڵكی ناوچەكەیە ئەوان نابێت بیر لە ڕۆیشتن بكەنەوە ئێمە بۆ پاراستنیان لێرەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا