هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا؛ دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر نیکی هەیلی تۆمارکرد

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دۆناڵد ترەمپ لە بوون بە بەربژێری کۆتایی کۆمارییەکان نزیکتر بووەوە، بەتایبەتی پاش ئەو سەرکەوتنە مەزنە لە ویلایەتەکەی نیکی هەیلی (ساوث کارلۆلاینا) تۆماریکرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا کە رۆژی شەممە (24-2-2024) بەڕێوەچوو، توانی %59.8 دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا نیکی هەیلی، توانی %39.5 لە کۆی %99ـی کۆی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا توانی بە جیاوازی 20 خاڵ لە نیکی هەیلی، پارێزگاری ویلایەتی ساوث کارلۆلاینا بباتەوە و بۆ چوارەمین جار لەسەر یەک، سەرکەوتن بەسەر رکابەرەکەی بەدەستبهێنێت.

پێچەوانەی جارەکانی پێشووتر، ئەمجارەیان ترەمپ، لە ئاهەنگی راگەیاندنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنە بەراییەکانی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا بە هیچ جۆرێک باسی نیکی هەیلی رکابەر نەکرد، لەبری ئەوە سەرنجی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ راگەیاند.

ترەمپ لەبەردەم ئاپۆڕای هەزاران هەواداری خۆی و میدیاکانی وڵاتەکەیدا ووتی، “سەیری ناو چاوی جۆو بایدن دەکەین و پێی دەڵێین تۆ خەریکیت وڵاتەکەمان لەناو دەبەیت، تۆ دەرکراویت لە کۆشکی سپی جۆو”.

نیکی هەیلی، کە پێشتر دوو خول پارێزگاری ویلایەتی ساوث کارۆلاینا بووە، توشی شكستێکی گەورە هات لە ویلایەتەکەی خۆی و پاش سەرکەوتنەکە، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپی رکابەری کرد.

هەیلی بەپێچەوانەی پێشبینییەکان رێژەیەکی باشی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سوورە لەسەر ئەوەی کە لە سێشەممەی گرنگ “سوپەر تویسدەی” کە رۆژی 5ـی مارس بەڕێوەدەچێت، بەشداریی کارای هەبێت.
سێشەممەی گرنگ بە گرنگترین رۆژ بۆ بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دادەنرێت کە تێیدا 15 ویلایەت و ناوچەیەکی ئەمریکا هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەی تێدا بەڕێوەدەچێت و دەکرێت ببێتە رۆژی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.

لەپاش هەڵبژاردنە بەراییەکانی ویلایەتەکانی ئایۆوا و نیو هامپشایەر، ئەمە سێیەمین ویلایەتەی ئەمریکایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتنی گەورەی بەسەر بەربژێرەکانی دیکەی کۆمارییەکان بەدەستبهێنێت.

هەیلی لەبارەی ئەگەری کشانەوەی لە کێبڕکێی بوون بە سەرۆکی ئەمریکا ووتی، “هەرگیز لەم کاتەدا ناکشێمەوە کە زۆرینەی ئەمریکییەکان جۆو بایدن و دۆناڵد ترەمپیان قبووڵ نییە”.

لە ئێستادا تەنها دۆناڵد ترەمپ و نیکی هەیلی لە پارتی کۆمارییەکان پێشبڕكێی بوون بە کۆتا بەربژێری پارتەکەیان دەکەن.

ترەمپ سێ هەڵبژاردنی بەرایی یەک لەدوای یەکی لە رکابەرەکانی بردووتەوە، لە سەرەتای کامپینەکانەوە، زیاتر لە 12 رکابەر و بەربژێری کۆمارییەکان بە سوودی ترەمپ لە رکابەرییەکە کشاونەتەوە و پشتگیری خۆیان بۆ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دووپاتکردووتەوە.

دۆناڵد ترەمپی 77 ساڵان و نیکی هەیلی تەمەن 52 ساڵ، کۆتا دوو بەربژێری کۆمارییەکانن کە رکابەری یەکتر دەکەن بۆ بوون بە بەربژێریی کۆتایی پارتەکەیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی 2024 و لە کامپینی ئامادەکاریەکان زۆترین جار هێرشیان کردووەتە سەر یەکتر و چاویان لەوەیە گورزی کاریگەر لەیەکتر بووەشێنن.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا