حەماس وەڵامی داواکارییەکی ئەمریکا دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بزووتنەوەی چەکداریی حەماس، وەڵامی پێشنیازێکی
ئەمریکای داوەتەوە سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز کە ئەمڕۆ چوارشەممە (07-2-2024) بڵاویکردووەتەوە، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس وەڵامی پێشنیازێکی ئاگربەستی کاتی لە کەرتی ‌غەززە داوەتەوە بە ئەمریکا.
ناوەڕۆکی پێشنیازەکە هێشتا بە تەواوەتی ئاشکرانەکراوە، بەڵام بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ناو سوپای ئیسرائیل کە بە رۆیتەرزیان وتووە، پێشنیازی 6 هەفتە ئاگربەست لەکەرتی غەززە خراوەتە بەردەم بزووتنەوەی حەماس لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکانی دیکە.

پێشنیازەکە لەلایەن ئیسرائیل، ئەمریکا، قەتەڕ و میسڕەوە ئامادەکراوە و هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و ئەمریکی رایانگەیاند کە خوێندندنەوە بۆ وەڵامەکەی حەماس دەکەن.

بەرپرسێکی باڵای سەربازیی حەماس بە تۆڕی بی بی سی راگەیاندووە، گرووپەکەیان لەبەرامبەر رازیبوون بە رێکەوتنەکە هەندێک داواکاریی لە ئیسرائیل کردووە کە خۆی دەبینێتەوە لە نۆژەنکردنەوەی غەززە و گێڕانەوەی هاوڵاتییانی فەڵەستینی بۆ ماڵەکانیان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی جەنگ.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە ئێستادا بە سەردانێکی فەرمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ووتی، “رۆژی چوارشەممە وەڵامەکەی حەماس لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل تاوتوێ دەکەم”.

هەرچەندە بلینکن بۆچوونی ئەمریکای لەبارەی وەڵامەکەوە نەخستەڕوو، بەڵام جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وەڵامەکەی حەماسی بە “داواکاریی قورس” ناوبرد و بەدووری زانی ئیسرائیل بە پێشنیازەکانی حەماس رازیببێت.

پێشنازەکەی ئیسرائیل و ئەمریکا هەفتەی رابردوو درایە دەست سەرکردایەتیی حەماس لە قەتەڕ، ئەگەر، نزیکەی پێنج رۆژی پێچوو تاکو حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی دایەوە، بە ووتەی خۆیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەشێکی رێککەوتنەکە “نا روون” بووە.

شەڕ و ململانێکی کەرتی غەززە لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 ـەوە بەردەوامییان هەیە، بزووتنەوەی چەکداریی حەماس لەو رۆژەدا لە هێرشێکی فراواندا بۆسەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل، زیاتر لە 1300 هاوڵاتیی ئیسرائیلی کوشت، لەبەرامبەردا ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی “شمشێری ئاسنین”ـی لەدژی چەکدارانی حەماس راگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تەندرووستیی کەرتی غەززە، بەهۆی بۆردوومان و ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی سوپای ئیسرائیل تا ئێستا 27 هەزار و 500 کەس لە غەززە کوژراون.

دواین ئاگربەستی نێوان هەردوولا لە کۆتاییەکانی مانگی تشترینی دووەم بوو کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند و ئاڵوگۆڕ کرا بە 105 هاوڵاتیی ئیسرائیلی بەرامبەر 241 هاوڵاتیی فەڵەستینی.

ئەمریکا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە فراوانبوونی بازنەی شەڕ لە پاش هێرشەکەی سەر بنکەی “تاوەر 22” لە ئوردن و کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکەی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا