پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە مامەڵەکانی سەرتای کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر بەشێک لە بانکەکانی عێراقدا سەپاندوویەتی.
ئەمڕۆ چوارشەممە (31-1-2024)، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 153 هەزار و 100 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ کاتی کردنەوەی بازاڕەکان، نزیکەی 600 دینار لە بەهاکەی زیادیکردووە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی لەم چەند رۆژەی دواییدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەمریکا سزای بەسەر بەشێک لە بانکەکانی عێراقد سەپاند، کە نوێترینیان بانکی هودا بوو کە بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، هۆکاری سڕکردنی ئەو بانکە لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بانکەکە هاوکاریی دارایی پێشکەشی سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق کردووە.
پێشبینییەکان بۆ ئەم ساڵ بۆ ئەوە دەچوون کە لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێ و جێبەجێکردنی بەشێک لە بڕیارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، نرخی 100 دۆلار بۆ خوار 145 هەزار دیناری عێراقی داببەزێت، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بە دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار و دیار نییە کەی بڕیارەکان کاریگەرییان دەبێت.
بەهای دیناری عێراقی، لە کۆتایی ساڵی 2014ەوە جێگیریی خۆی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان لەدەستداو، لە سەرەتاکانی ساڵی 2018ەوە بەتەواوەتی کاریگەرییەکانی ئەو ناجێگیرییە لەسەر ئابووری عێراق بەدەرکەوتن. بانکی ناوەندی ئەو وڵاتەش بەردەوامە لە راگەیاندنی میکانزم و رێکاری نوێ بۆ رووبەڕووبەنەوەی ناجێگیری بەهای دراوەکەی، بەڵام تا ئێستا نرخی دۆلار لەبەرزیدایە و هیچ ئاماژەیەک دیار نیە بە دابەزینی بەشێوەیەکی بەرچاو.