راپۆرتێكی شیكاری لەبارەی پشكی هەرێم و ئاڵنگارییەكان لە ناو پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئامانج رەحیم راپۆرتێكی شیكاری سەبارەت بە پابەندی و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە بودجەی عێـراق بڵاوكردووەتەوە دەڵێت، ئامانج لەم راپۆرتە ئامادەكراوە بۆ پشتیوانیی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانییەكانە تا هاوكاریان بێ بۆ زامنكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.

پێشەكی

دوای خوێندنەوەی یەكەمی پڕۆژە یاساكە لە رۆژی 6_4_2023، ئەم رۆژانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 تاوەكو2025 مشتومڕی جیدی دەكرێت. زۆر ئاشكرایە كە پشكی هەرێمی كوردستان و ئەو پارەیەی كە دواجار ئەگەری هەیە لە بەغداوە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەگەر بودجەكە پەسندكرا، گرنگترین بابەتە كە پەیوەندی بە ئابووریی هەرێمی كوردستان لە سێ‌ ساڵی داهاتوو و ژیان و گوزەرانی خەڵك هەیە، بەتایبەتی كە تا ساڵی 2026 هیچ یاسایەكی دیكەی بودجە لە عێراقدا دەرناچێت.

بەپێی مادە و بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی پێشنیازكراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی عێراق لە كۆبوونەوەی 13_3_2023 كە ئێستا لە ئەنجوموەنی نوێنەرانە، چەندین دەق و دەستەواژە لە نێو پڕۆژە یاساكەیە كە دەتوانێت بەربەست دروست بكات و كاریگەریی گەورە لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بودجەی عێراق دابنێت ئەگەر چارەسەر نەكرێن، وەك لە پێشنیازەكانی هاتوو لە كۆتایی ئەم راپۆرتەدا خستوومەتەڕوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەوە بەدواوە حكومەتی عێراق بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و چیدیكە بە میكانیزمی ساڵانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ داهاتی نەوتیی هەرێمی كوردستان ناكرێت و بەغدا دەبێتە تاكە سەرچاوەی داهاتی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

لێرەدا لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی، شیكارییەكی پیشەییانە دوور لە هەر بۆچوون و دیدێكی سیاسی دەكەین بۆ دەقی مادە و بڕگەكانی بودجەی عێراق بەتایبەتی ئەو بڕگانەی كە پەیوەستن بە پشكی هەرێمی كوردستان و لە كۆتاییشدا پێشنیازی چارەسەری بەربەستەكان دەخەینەڕوو، بەڵام بەداخەوە كات لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نییە و درەنگە، بەڵام هێشتا دەرفەتیش ماوە ئەگەر یەك دەنگ و یەك دەست بین و دوور لە ناكۆكییە نێوخۆییەكانی ئێستا كاریان لەسەر بكرێت.

زانیارییە گشتییەكان لەسەر بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023:

لە پڕۆژە یاساكەدا پێشبینی كراوە لە رێگەی فرۆشتنی سێ‌ ملیۆن و500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە ئەمە400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كورستانیش لەخۆ دەگرێت، حكومەتی عێراق بە نرخی خەمڵێندراوی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك داهاتی 117 ترلیۆن و 253 ملیار دیناری هەبێت.

هەروەها پێشبینی كراوە داهاتی ناوخۆی نانەوتی عێراق 17 ترلیۆن و 300 ملیار دینار بێت.

بەو پێیەش كۆی داهاتی نەوت و داهاتی نانەوتی عێراق بە 134 ترلیۆن و 553 ملیار دینار خەمڵێندراوە.

ئەمە سەبارەت بە داهاتەكان.

بەڵام حكومەتی عێراق لە چوارچێوەی بودجەی پێشنیازكراودا دایناوە 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار خەرج بكات و بەوپێیەش بەراورد بە داهاتی خەمڵێندراوی نەوتی و نانەوتی بڕی 64 ترلیۆن و47 ملیار دینار كورتهێنانی لە بودجە بۆ دروست دەبێت.

لە كۆی گشتیی خەرجییەكان كە لەسەرەوە باسكرا بەشی زۆری، واتە 133 ترلیۆن و 22 ملیار دینار، بۆ خەرجییەكانی بەكاربردن تەرخانكراوە، كە ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە، بەو پێیەی بڕێكی كەمی دەمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان، بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بكەین لە نێوان كۆی داهاتی عێراق و خەرجییەكانی بەكاربردن، دەبینین لەیەكەوە زۆر نزیكن. ئەمە بەو مانایەیە كە ئەو داهاتە راستەقینەی كە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بكەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەكانی بەكاربردن دەڕوات. ئەوەش كە لە بودجەی عێراق وەك خەرجییەكانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەكان و پەرەپێدان تەرخانكراوە، دانراوە كە لە رێگەی قەرزەوە دابین بكرێت و چووەتە چوارچێوەی كورتهێنانەوە كە لە دوای ساڵی 2014ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكان بەڵام هەروەك مورەكەبی سەر كاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەكراوە. ئەمە بۆ تەرخانكراوی پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستانیش ڕاستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە لە بودجەی 2023 بەڵام ئەگەر وەك ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی ڕاستەقینە (الانفاق الفعلی) بێت ئەوا ئەم تەرخانكراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج ناكرێت بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە وا باشترە زۆر پشتی پێ نەبەسترێت.

كۆی گشتی خەرجییەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان 49 ترلیۆن و 462 ملیار دینارە كە بە شێوازی خوارەوە دابەشكراوە:

پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بە بڕی 38 ترلیۆن و 34 ملیار دینار.

پڕۆژەكانی وەبەرهێنان بە قەرزی بیانی بە بڕی نۆ ترلیۆن و947 ملیار دینار.

پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەلایەن TBI بە بڕی یەك ترلیۆن و 175 ملیار دینار.

خەرجییە سیادییەكان:

لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە 58 ترلیۆن و 294 دینار بۆ خەرجییە سیادییەكان دانراوە كە دەكاتە ڕێژەی 30%ی تەوای بودجەكە، كە ئەمەش كاریگەریی زۆری هەیە لە سەر پشكی هەرێمی كوردستان چونكە میكانیزمەكە وایە كە دوای داشكاندنی خەرجی سیادی و حاكمە ئینجا بەشەكەی هەرێمی كوردستان بە رێژەی 67.12% دەستنیشان دەكرێت.

لە خەرجییە سیادییەكاندا 23 ترلیۆن و 508 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ خەرجییەكانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەكردنی سێ‌ ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە).

هەروەها لەو چوارچێوەیەدا تەنها سێ‌ ترلیۆن و 876 ملیار تەرخانكراوە بۆ خەرجییەكانی پەیوەست بە (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان رۆژانە).

لە خەرجییە سیادییەكاندا هەروەها نۆ ترلیۆن و 764 ملیار بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانكراوە.

لە خەرجی تەرخانكراو بۆ وەزارەتی بەرگری، تەنها بڕی 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە تەرخانكراوە.

شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان:

لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق بە شێوازی خوارەوە پشكی هەرێمی كوردستان رەچاوكراوە.

پشكی هەرێمی كوردستان لە خەرجییە رەوەنەكان (النفقات الجاریە)

بەپێی مادەی (12/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ە) بڕی نۆ ترلیۆن و 300 ملیار لە چوارچێوەی خەرجییە رەوەنەكان (النفقات الجاریە) بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە كە مانگانە دەكاتە 775 ملیار دینار كە ژمارەیان بە 681 هەزار و 979 فەرمانبەر دەستنیشانكراوە، كە لە چاو ساڵی 2021 ئەم تەرخانكراوە زیادیكردووە بە بڕی سێ‌ ترلیۆن و 525 ملیار دینار و ئەمەش دڵخۆشكەرە.

هەروەها بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ە)، بڕی یەك ترلیۆن و 346 ملیار دینار وەك خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە كە لە مانگێكدا دەكاتە بڕی 112 ملیار دینار كە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی 2021 كەمی كردووە بە بڕی 555 ملیار دینار.

بەم شێوەیە تەرخانكراوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق مانگانە كە پێویستە بدرێت بە هەرێمی كوردستان دەكاتە بڕی 887 ملیار دینار، ئەویش بۆ تەواوی مانگەكانی سێ ساڵی 2023 تاوەكو 2025 كە ئەمەش نزیكە لە تێچووی مانگانەی مووچە لە ئێستادا كە بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ 910 ملیار دینار تەمویلی مووچە كراوە؛ ئەو كورتهێنانەی دروست دەبێت بڕی 25 ملیار دینارە بۆ سەرجەم مووچەخۆران و خانەنشینان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان كە پڕكردنەوەی زەحمەت نابێت.

جگە لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان بەپێی مادەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ە)، هەر لە ناو خشتەی خەرجییەكانی رەوان بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دیناری دیكە بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە بۆ (پێداویستییەكانی كاڵا، پێداویستییەكانی خزمەتگوزاری، چاككردنەوەی مەوجودات، یارمەتییەكان و خەرجییەكانی دیكە).

پشكی هەرێمی كوردستان لە خەرجییەكانی پەیوەست بە سەرمایە (النفقات الرڕسمالیە):

بەپێی مادەكانی (2/ یەكەم-4) و (11/ دووەم-ە)، بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تەرخانكراوەو بەپێی مادەكانی (2/ یەكەم-4) و مادەی (11/ دووەم-ە)، بڕی 276 ملیار و 550 ملیۆن دینار وەك پشكی هەرێمی كوردستان لە خەرجیی پەرەپێدانی پارێزگاكان تەرخانكراوە.

لە بارەی ئەم تەرخانكردنە، گرنگە بزانین كە ئەو داهاتە راستەقینەی كە عێراق ئەگەری هەیە دەستی بكەوێت، زۆربەی بۆ خەرجییەكانی بەكاربردن دەڕوات. ئەوەش كە لە بودجەی عێراق وەك خەرجییەكانی وەبەرهێنان یان (خەرجی سەرمایە) بۆ پڕۆژەكان و پەرەپێدان تەرخانكراوە، دانراوە كە لە رێگەی قەرزەوە دابین بكرێت و چووەتە چوارچێوەی كورتهێنانەوە كە لە دوای ساڵی 2014 ەوە سەرەڕای هەبوونی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكان لە سەرتاسەری عێراق، بەڵام هەروەك مورەكەبی سەر كاغەز بووە و بە فیعلی هیچی لێ خەرج نەكراوە. ئەمە بۆ تەرخانكراوی پڕۆژەكانی هەرێمی كوردستانیش راستە، سەرەڕای ئەوەی بڕی دوو ترلیۆن و 873 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە، بەڵام ئەگەر وەك ئێستا هەر لەسەر بنەمای خەرجیی فیعلیی بێت ئەوا ئەم تەرخانكراوە لە ژمارە زیاتر هیچی تر نییە و بە فیعلیی هیچی لێ خەرج ناكرێت بۆ هەرێمی كوردستان.

داهاتی دەروازە سنوورەییەكان:

داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بە بڕی یەك ترلیۆن و 560 ملیار بۆ ساڵیك خەمڵێندراوە لەلایەن عێراقەوە و بەپێی مادەكانی (19/ دووەم) و (11/ دووەم-ە)، بڕی 780 ملیار دینار وەك 50%ی داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە.

پێترۆ دۆلار:

بەپێی مادەی (2/یەكەم-5ڕ)، بڕی 664 ملیار و 300 ملیۆن دینار وەك پشكی هەرێمی كورستان لە داهاتی فرۆشی نەوتی خاو، (5% ی داهاتی نەوت)، لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان تەرخانكراوە.

مووچەی پێشمەرگە:

228 ملیار و 304 ملیۆن دینار وەك بەشی هەرێمی كوردستان لە تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە رەچاوكراوە.

بەپێی خاڵەكانی سەرەوە، كۆی گشتیی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2023 لە ئەگەری خەرجكردنی 100%ی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، ساڵانە دەكاتە 18 ترلیۆن و 310 ملیار دینار و مانگانە دەكاتە یەك ترلیۆن و 526 ملیار دینار.

پشكی هەرێمی كوردستان لە خەرجییەكانی حاكیمە بۆ تەواوی ساڵی 2023 بە بڕی یەك ترلیۆن و 257 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام پشكی هەرێمی كوردستان لە خەرجییەكانی حاكیمە بە كاش هەژمار نەكراوە، چونكە لە بنەڕەتدا ئەم خەرجییانە بە شێوەی عەینی دەنێردرێن بۆ هەرێمی كوردستان نەك بە پارەی كاش.

پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان:

تاوەكو ئێستا خاڵەكانی سەرەوە پەیوەست بوون بەو پارەیەی كە بەپێی رەشنووسی بودجە تەرخانكراوە بۆ هەرێمی كوردستان. لە بەرامبەردا هەرێمی كوردستان دەبێت بە خاڵەكانی خوارەوە پابەند بێت:

1. پابەندیی نەوتی بە هەناردەكردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ كە مانگانە داهاتەكەی بە یەك ترلیۆن و 92 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت (بێ ئەوەی خەرجییەكانی نەوتی لێ دابشكێندرێت) .

2. رێژەی 50% لە داهاتی دەروازە سنوورییەكان كە مانگانە بە 65 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.

3. قیستی مانگانەی پابەندی بەرامبەر بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بە بێ سوودی بانكی (الفوائد المێرفیە) كە مانگانە 53 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.

بەو پێیەش كۆی گشتیی پابەندی هەرێمی كوردستان لە مانگێكدا دەكاتە یەك ترلیۆن و 210 ملیار دینار و لە ماوەی یەك ساڵدا دەكاتە 14 ترلیۆن و 520 ملیار دینار.

بەڵام كێشەیەكی بەرچاو لەم نێوەندەدا ئەوەیە كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 ی عێراق وەك چۆن لەسەرەوە باسكرا، بڕی سێ‌ ترلیۆن و 876 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ خەرجییەكانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا ئەگەر مەرجە داراییەكانی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكان وەك ئێستا بمێننەوە بە بێ گۆڕانكاری ئەوا بەپێی راپۆرتەكانی ساڵی 2022 ی كۆمپانیای وردبینیی دارایی (دیلۆیت) خەرجییە فیعلییەكانی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان زیاترن و بڕەكە لە ساڵێكدا (پێنج ملیار و 149 ملیۆن دۆلار)ە، واتا شەش ترلیۆن و694 ملیار دینارە و بەوپێیەش هەرێمی كوردستان بڕی دوو ترلیۆن و 169 ملیار دۆلار كورتهێنانی بۆ دروست دەبێت بۆ داپۆشینی خەرجییەكانی نەوت، كە ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە و یان دەبێت گۆڕانكاری لە مەرجەكانی دارایی گرێبەستە نەوتییەكان بكرێت یان ئەم تەرخانكردنە دەبێت زیاد بكرێت، ئەگینا هەرێمی كوردستان ناتوانێ پابەندیی نەوتی خۆی بەم مەرجانەی ئێستا جێبەجێ بكات.

بەشی هەرێمی كوردستان لە قەرزەكانی هاتوو لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق:

بڕی 62 ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان تەرخانكراوە كە بە قەرزی دەرەكی تەمویل دەكرێن بەم شێوەیە: (46 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، دوو ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی پلاندانان) لە كۆی گشتی قەرزی دەرەكی كە دەكاتە 10 ترلیۆن دینار و پشكی هەرێمی كوردستانیش لەو قەرزانە یەكسانە بە رێژەی 6.0%. سەرچاوەی ئەو قەرزە دەرەكییانە بریتییە لە (بانكی نێودەوڵەتی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، ئاژانسی ژاپۆنی بۆ هاوكاریی نێودەوڵەتی، سندووقی سعودی بۆ گەشەپێدان، یەكێتیی ئەوروپا، قەرزی ئەمریكی و بەریتانی ( (UKEFو ئەڵمانی و ئیتاڵی، GE، سندووقی كوێتی، سندووقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی كشتوكاڵی، ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان).

ئەو تەرخانكردنەی كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا پێشێلكردنێكی ئاشكرای ئەحكامی بڕگەی یەكەمی مادەی (106)ی دەستوورە كە دەسەڵاتی فیدراڵی پابەند دەكات بە دەستەبەركردنی دابەشكردنی دادپەروەرانەی بەخشین و هاوكاری و قەرزە نێودەوڵەتییەكان بەپێی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەگەر پشكی هەرێمی كوردستان بەگوێرەی رێژەی 67.12% حیساب بكرێت ئەوا پشكی هەرێمی كوردستان لە قەرزە نێودەوڵەتییەكان یەكسان دەبێت بە بڕی یەك ترلیۆن و 267 ملیار دینار نەك تەنها (62 ملیار) دینار، جگە لەوەش، قیستی قەرزی دەرەكی و ناوخۆ و هەروەها سوودەكانیان لەنێو خشتەی خەرجییە سیادییەكاندا دانراوە كە هەمووی لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت پێش ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵییەوە حیسابی بۆ بكرێت و بۆ ساڵی 2023 خەرجییە سیادییەكان دەكاتە 58 ترلیۆن و 294 ملیار دینار (بە رێژەی 26.29%ی كۆی خەرجییەكان) و بە بێ ئەوەی هەرێمی كوردستان سوودمەند بێت لەو قەرزانە بەگوێرەی شایستە دەستوورییەكەی.

پێویستە ئاماژە بە مادەی (4) لە رەشنووسی یاسای بودجە بكرێت كە تێیدا هاتووە (ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی دەتوانێت لە كاتی پێویستدا گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان ئەو تەرخانكردنانەی قەرزدا بكات كە لەم یاسایەدا هاتووە و سوودمەندی قەرزەكە بگۆڕێت). بەم شێوەیە لە رەشنووسی یاساكەدا دەسەڵاتی راستكردنەوەی ئەم بابەتە دراوە بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی لە رێگەی ئەنجامدانی گواستنەوە (مناقلە) لە نێوان تەرخانكردنی قەرزەكان و گۆڕینی سوودمەندی قەرزەكە بە ئاڕاستەی دەستەبەركردنی شایستە، بەڵام ئەمە دەمێنێتەوە سەر میزاجی بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراق كە ئایا ئەم دەسەڵاتەی بەكاردەهێنێت تا هەرێمی كوردستان پشكی خۆی لە قەرزەكان وەربگرێت یان نا؟ بۆیە وا باشترە بە دەقی یاسایی روون ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە نەك بدرێتەوە دەست حكومەتی عێراقی.

ئاستەنگەكانی بەردەم خەرجكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان:

1. كۆی گشتیی بەشی هەرێمی كوردستان لە خەرجییەكانی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 بۆ خەرجییەكانی (النفقات الجاریە والرڕسمالیە) دەكاتە 16 ترلیۆن و 610 ملیار دینار بۆ تەواوی ساڵی 2023، ئەمە سەرەڕای بەشی هەرێمی كوردستان لە تەرخانكراوی خەرجییەكانی (النفقات السیادیە) بەم شێوەیە:

أ) 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی تەرخانكراوی هێزە زەمینییەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگری.

ب) یەك ترلیۆن و 428 ملیار دینار بۆ خەرجییەكانی گواستنەوەی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

ج) دوو ترلیۆن و 498 ملیار دینار بۆ خەرجیی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

بەم شێوەیە كۆی گشتی بەشی هەرێمی كوردستان لە تەرخانكراوی خەرجییەكانی (النفقات الجاریە والرڕسمالیە والسیادیە):
20 ترلیۆن و 486 ملیار دینار.

2. راستە ئەو بڕە پارەیەی سەرەوە لە خشتەكانی هاوپێچی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 جێگیركراوە، بەڵام ئەم ئاستەنگانەی خوارەوەیان هەیە لەبەردەم خەرجكردنی ئەم بڕە پارانە بۆ هەرێمی كوردستان:

أ) ئاستەنگی خەرجیی فیعلی (الإنفاق الفعلی): لە دوای ساڵی 2014 ەوە بۆ یەكەم جار لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2015 دەستەواژەی (النفقات الفعلیە) وەك بنەما بۆ هەژماركردنی بەشی هەرێمی كوردستان بەكارهێندرا. بەمجۆرە وەزارەتی دارایی رێژەی 12.67%ی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای داهاتی فیعلی بەردەستی وەزارەتی دارایی خەرج دەكات كە بە بڕی 134 ترلیۆن و 553ملیار دینار خەمڵێندراوە نەك خەرجییەكان كە بە 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار دانراوە.

ب) ئاستەنگی رێژەی تەرخانكراوی مووچەی هەرێمی كوردستان لە چاو بەغدا ئەگەر (خەرجی فیعلی) بكرێتە بنەما : كۆی گشتیی تەرخانكراوی مووچە لە سەرتاسەری عێراق 59 ترلیۆن دینارە و ئەوەی هەرێمی كوردستان نۆ ترلیۆن دینارە. بەم شێوەیە مووچەی هەرێمی كوردستان رێژەی 15.25%ی تەرخانكراوی مووچەی عێراق پێكدەهێنێت و ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق چوار ملیۆن و 96 هەزار و 801 فەرمانبەرە و هەرێمی كوردستان 681 هەزار و 979 فەرمانبەرە. بەم شێوەیە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رێژەی 16.6% لە ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق پێكدێنێت نەك رێژەی 12.67%.

ج) كۆی گشتیی مووچەی تەرخانكراوی چاودێری كۆمەڵایەتی (خانەنشینی) عێراق بریتییە لە 28 ترلیۆن دینار و هەرێمی كوردستان یەك ترلیۆن و 346 ملیار دینار.

ە) تەرخانكراوی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە خراوەتە ناو تەرخانكراوی هێزەكانی وشكانیی سەر بە وەزارەتی بەرگری كە وا باشتر بوو لە خانەیەكی سەربەخۆ لەناو تەرخانكراوی (النفقات السیادیە)دا بووایە.

و) میكانیزمی دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بریتییە لە رێژەی 12.67% لە كۆی گشتی تەرخانكراوی خەرجیی فیعلی لە دوای داشكاندنی خەرجییەكانی سیادی و حاكیمە و ئەوەی كە دەمێنێتەوە 117 ترلیۆن و 100 ملیار دینارە، نەك لە كۆی گشتی تەرخانكراوی خەرجییەكان كە بە بڕی 199 ترلیۆن و 22 ملیار دینار دەستنیشان كراوە.

ز) دەزگای ناوەندیی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی، بەپێی نووسراویان ژمارە (12899) لە 19_12_2017 ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانی بەپێی پارێزگاكان بۆ ساڵی 2018 دیاریكردووە و بە پێنج ملیۆن و 405 هەزار و 309 كەس خەمڵاندووە كە 14%ی كۆی خەمڵاندنی دانیشتوانی عێراق پێكدەهێنێت،نەك رێژەی 12.67%.

3. بڕی پارەی پێویست بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و گواستنەوەی بڕی 400 هەزار بەرمیل/ رۆژانە لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانەوە بە بڕی پێنج ملیار و 149 ملیۆن دۆلار لەلایەن كۆمپانیای وردبینیی (دیلۆیت)ەوە خەمڵێندراوە كە دەكاتە 6 ترلیۆن و 694 ملیار دینار، بەڵام لەناو خەرجییەكانی (النفقات السیادیە)دا تەنها بڕی 3 ترلیۆن و 876 ملیار دینار دانراوە. بەم شێوەیە كورتهێنانێكی گەورە دروست دەبێت بە بڕی 2 ترلیۆن و 820 ملیار دینار و ئەگەر پڕنەكرێتەوە ئەوا هەرێمی كوردستان ناتوانێت كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان پابەند بكات بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت/ رۆژانە، ئەمە جگە لە قەرز و پارەی پێشەكیی وەرگیراو لە كڕیارانی نەوت و پابەندە داراییەكانی پێشوو پەیوەندیدار بە نەوت و گاز لە ئەستۆی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كە هیچ ئاماژەیەكی بۆ نەكراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023.

4. لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵ جگە لە دەستەواژەی (النفقات الفعلیە) دەستەواژەیەكی نوێش هاتوەتەكایەوە كە ئەویش ئەوەیە هەژماركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت لە رێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان زیاتر بێت (………… وبما لایزید عن النسبە ژاتها من الإیرادات النفگیە وحێە الخزینە من إیرادات المنافذ الحدودیە)، بەم شێوەیە هیچ نرخێك بۆ ئەو ژمارانە نامێنێتەوە كە لە خشتەكانی هاوپێچی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان جێگیركراون و وەكو ساڵانی پێشوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەرێمی كوردستان قەرزدار دەكات لەبەردەم حكومەتی فیدراڵی، هەروەك لە ساڵانی 2021 و 2022 بینیمان.

پێشنیاری چارەسەر:

1. لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلیە) لە هەردوو بڕگەی (یەكەم) و(دووەم) لە مادەی (12) لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023.

2. سەرەڕای لابردنی دەستەواژەی (النفقات الفعلیە)، پێویستە ئەم دەستەواژە نوێیەش لاببردرێت كە ئەویش ئەوەیە هەژماركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە هیچ حاڵەتێكدا نابێت لە رێژەی داهاتی نەوتی و بەشی گەنجینە لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان زیاتر بێت (………… وبما لایزید عن النسبە ژاتها من الإیرادات النفگیە وحێە الخزینە من إیرادات المنافژ الحدودیە).

3. لە حاڵەتی جێبەجێنەكردنی پێشنیازی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە، ئەو كات پێویستە وەك بژاردەی دووەم خەرجییە فیعلییەكانی هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی خەرجییە فیعلییەكانی سەرتاسەری عێراق هەژمار بكرێت، نەك تەنها لەسەر خەرجییە فیعلییەكانی پانزە پارێزگاكەی دیكەی عێراق، و لەناو یاسای (قانون الإدارە المالیە الإتحادیە) ژمارە (6)ی ساڵی 2019 و لە بڕگەی (پازدەهەم) لە مادەی (1)ی یاساكەدا بە ئاشكرا هاتووە كە یەكەكانی خەرجی هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

هەروەها لە مادەی (2)ی هەمان یاسادا هاتووە كە خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە بودجەی گشتی عێراقی فیدراڵ.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا