ئەمریکا ناسنامەی سێ سەربازە کوژراوەکەی هێرشەکەی ئوردنی ئاشکراکرد

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

حکومەتی ئەمریکا ناسنامەی سێ سەربازی کوژراوی وڵاتەکەی لە هێرشە درۆنییەکەی سەر بنکەیەکی سوپاکەی لە ئوردن ئاشکراکرد.

ویلیەم جیرۆمی ریڤەرزی 46 ساڵان، کێنەدی لەیدن ساندەرزی 24 ساڵان و بریۆنا ئەلیکساندریا مۆفێتی تەمەن 23 ساڵ، ناسنامەی ئەو سێ سەربازەی ئەمریکان کە لە هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە ئوردون کرانە ئامانج و گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی راگەیەنەدراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئەو سێ سەربازە، سەر بە یەکەی یەدەگی سوپای ئەمریکا بوون و لە بنکەی فۆرت موور-ی ویلایەتی جۆرجیا خزمەتیان دەکرد.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هێرشەکە لەرێگەی درۆنێکی هاوشێوەی درۆنی “شاهید”ـی ئێرانی بووە و لەوکاتەی هێرشەکە ئەنجامدراوە، سەربازەکان لە خەودا بوون.
ئەمریکا بەشێوەیەکی ئاشکرا ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات، بەڵام لە راگەیەندراوەکەی پنتاگۆن بە روونی ئەوە هاتووە کە ئەمریکا نایەوێت لەگەڵ ئێراندا بچێتە جەنگەوە.
سابرینا سینگ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، “ئێمە بەدوای جەنگەوە نین، بەڵام وەڵامی هەر هێرش و پەلامارێک دەدەینەوە کە دەکرێتە سەر هێزەکانمان”.
زیاتر لە 40 سەربازی دیکەی ئەمریکا لە هێرشەکەدا بریندار بوون و بەشێک لەو سەربازانە لەکاتی داڕمانی تاوەرێکی بنکەکە بەسەر کۆنتێنەری مانەوەیان بریندار بوون.

ئێران رەتیکردەوە کە دەستی هەبێت لە هێرشەکەی سەر سوپای ئەمریکا لە ئوردون و رایگەیاند، ئەو هێرشانە بەبێ ئاگاداری ئەوان دەکرێت و ئەو گرووپانەی خۆیان بە بەرەی ”مقاوەمەی ئیسلامی” ناساندووە، فەرمان لە ئێران وەرناگرن، بەڵکو لەسەر بنەمای تێڕوانینیی سیاسیی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەن لە ناوچەکە.

گرووپی مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق بەرپرسیاریەتیی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت، لە راگەیەندراوێکی گرووپەکەدا هاتووە، هێزەکانیان سێ بکەی ئەمریکایان لە سووریا کردووەتە ئامانج لەناوچەکانی شەدادی و تەنف و روکبان کە ئەوەی سێیەمیان دەکەوێتە سنووری ئوردن.
ئەمە یەکەمین جارە لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس هێرشەکانی سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەربازی ئەمریکی گیان لەدەست دەدەن.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو، لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەم و راگەیاندنی ئۆپراسیۆنە زەمینییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران زیاتر لە 165 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا