قوباد تاڵەبانی: ناكرێت چیتر سەرەوەری خاكی عێراق و هەرێم لەژێر هیچ بیانوویەكدا پێشێل بكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران پێشوازی كرد لە مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم و پێكەوە تاوتوێی چەند بابەتێكی جێی بایەخی هەردوولایان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێ شەمە، 16 ی كانوونی دووەمی 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا هاوسۆزی و هاوخەمی وڵاتەكەی بۆ حكومەت و هاوڵاتییانی هەرێم دەربڕی لەپای هێرشەكەی شەوی رابردوو بۆ سەر شاری هەولێر.

لەوبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا كە؛ ناكرێت چیتر سەرەوەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەكدا پێشێل بكرێت.

وتیشی: ئەم جۆرە هێرشانە سەقامگیری ناوچەكە دەخەنە مەترسییەوە و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكەن.

جێگری سەرۆكوەزیران لەگەڵ ئیدانەكردنی هێرشەكەش رایگەیاند؛ بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هێرش و پێشێلكارییانە بە شێوەیەكی هەمیشەیی كۆتایی پێ بهێنرێت، پێویستە هێزە سیاسییەكانی كوردستان پێكەوە هەڵوێستێكی یەكگرتوویان هەبێت.

داواشیكرد هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ پێكەوە كاربكەن بۆ گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ پاراستنی سەرەوەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا؛ هەر وڵاتێكی دراوسێ نیگەرانییەكی هەیە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەكان چارەسەر بكرێن، نەك لە ڕێگەی شەڕ و بۆردومانكردنی خاكی هەرێم.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا