ڕۆژنامەیەکی عەرەبی: بارزانی دەیەوێت بەڕێوەبەری نوسینگەکەی یان خاڵی بۆ سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکات

پۆڵەتیک پرێس:
العرب

لایەنە سیاسییەکانی عێراق باس لەوە دەکەن، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کاندیدکردنی فوئاد حسێن، بەڕێوەبەری نوسینگەکەی و وەزیری ئێستای دەرەوەی عێراق و هۆشیار زێباری خاڵی کە پێشتر وەزیری دارایی بوو و بە تۆمەتی گەندەڵی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، دەیەوێت دەرەبەگایەتی لە کوردستانەوە بۆ تەواوی عێراق درێژبکاتەوە.

مەسعود بارزانی لە کوردستان دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی بەڕێوەدەبات، بەجۆرێک هەرچی پۆستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمە بەسەر خزم و کەسوکارەکانیدا دابەشی کردووە. بەنموونە پۆستی سەرۆکی هەرێمی داوە بە نێچیرڤان بارزانی برازای و پۆستی سەرۆکی حکومەتیشی داوە بە مەسرور بارزانی کوڕی، لە ئێستاشدا چاوی لەسەر ئەوەیە هۆشیار زێباری و فوئاد حسێن کە دوو کەسایەتی نزیک لە خۆین بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کاندید بکات.

رۆژی 21ی ئەیلولی 2016 پەرلەمانی عێراق متمانەی لە هۆشیار زێباری، وەزیری پیشووتری دارایی سەندەوە لەدوای ئەوەی لە دانیشتنێکی نهێنیدا تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن لەلایەن 216 پەرلەمانتارەوە پەسەندکرا.

سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی عەرەبی راگەیاندووە، “مەسعود بارزانی لە کوردستان خۆی خستووەتە سەروو یاسا، ئێستا دەیەوێت لە عێراقیش هەمان کار بکات و خۆی بخاتە سەروو یاسا، بگرە سەروو عێراقیش!”.

بەپێی ئەو رۆژنامەیە، “مەسعود بارزانی دەیەوێت سوود لە ناکۆکییەکانی ناو یەکێتی ببینێت و پۆستی سەرۆک کۆماریش لە یەکێتی بسەنێت و کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە دیاریبکات”.

بەڵام هێشتا ئەگەری بوونەوە بە سەرۆک کۆماریی بەرهەم ساڵح ئەگەرێکی بەهێزە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە کە دیارترینیان ئەوەیە بەرهەم ساڵح متمانەی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی عێراقی بەدەستهێناوە، جگە لەوەی پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە لە بابەتی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەلایەکی دیکەوە بانگەشەکردن بۆ کۆتاییهێنان بە سیستمی دابەشکاری لە دەسەڵات وادەکات متمانەی رەوتی سەدر بەدەستبهێنێت.

لە رۆژنامەی عەرەبدا ئاشکراکراوە، “ویستی مەسعود بارزانی بۆ کاندیدکردنی کەسانی نزیک لە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دڵنیاییمان دەداتێ کە شەڕی دژی گەندەڵی لە عێراق هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژی لەبەردەمدایە”.

چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، مەسعود بارزانی ئاگای لەو گۆڕانکارییانە نییە کە بەسەر دۆخی عێراقدا هاتووە، بەتایبەتی پێویستی کۆتاییهێنان بەو گەندەڵییەی کە عێراقییەکانی تووشی هەژاری و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاری کردووە، سەرباری ئەمەش هاتووە کەسێکی دیاریکردووە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کە بە گەندەڵی تۆمەتبارە، دەشڵێن: مەسعود بارزانی لە جیهانێکی دیکەدا دەژی کە هیچ پەیوەندییەکی نییە بە واقعی عێراقەوە.

لەو راپۆرتەی رۆژنامەی عەرەبدا هاتووە، “دۆخی کوردستانیش جیابوونەوەیەکی دیکەیە لە واقع، بەجۆرێک شکستی ئەمنی و خراپی بەڕێوەبردن و دواکەوتن تەنانەت بڕینی مووچەی فەرمانبەران و هاوڵاتیان و بڕینی دەرماڵەی خوێندکاران و خراپی خزمەتگوزاری بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بووەتەهۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندان لە هەولێر و سلێمانی و چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی هەرێم”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا