سەرۆکی حەماس: ئیسرائیل لە پێکانی ئامانجەکانی لە فەڵەستین شکستی هێناوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، “سەرەڕای ئەو وێرانکاری و کۆمەڵکوژیەی ئیسرائیل لە فەڵەستین دەیکات، بەڵام تا ئێستا ئامانجەکانی لە غەززە بەدینەهێناوە و شکستی خواردووە”.
ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەمیانی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی ئیسلامی کە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەڕێوەچوو ووتی، “ئیسرائیل شکستی هێناوە لەبەدیهێنانی ئامانجەکانی لە کەرتی غەززە، ئەنجامەکە بەو شێوەیە نییە کە رژێمی زایۆنی بانگەشەی بۆدەکات، ئەوان دەیانەوێت بەتەواوی حەماس لەناوبەرن و دیلەکانیان ئازادبکەن و پلانی راگواستنی زۆرەملێ بەسەر هاوڵاتییانی فەڵەستیندا جێبەجێبکەن، بەڵام لە سەرجەمیاندا شکستیانهێناوە”.

سەبارەت بە قوربانییەکانی هاوڵاتییانی کەناری رۆژئاوا لە فەڵەستین لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ئیسماعیل هەنییە ووتی، “ئەوەی روودەدات پشاندانی رووی دووژمنکارانەی ئیسرائیلە بەرامبەر بە خەڵکی ئەو ناوچانە، لەسەرەتای درووستبوونی گرژییەکان تا ئێستا نزیکەی 350 کەس لە کەناری رۆژئاوا کوژراون”.

چوار مانگ بەسەر درووستبوونی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا تێپەڕبوو، پاش ئەوەی لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لەژێر ناونیشانی “تۆفانی ئەقسا” هێرشێکی گەورەی کردە سەر ناوچەکانی ئیسرائیل و زیاتر لە 1200 کەسی کوشت و 240 هاوڵاتیی ئیسرائیلی بەدیل گرت.

لە وەڵامی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسدا، سوپای ئیسرائیل ئۆپراسیۆنی “شمشێری ئاسنین”ـی لە دژی چەکدارانی حەماس راگەیاند و بەڵێنی “ریشەکێشکردنی حەماس”ـی دا.
هەرچی سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکانی فەڵەستین، بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندرووستی ئەو وڵاتە تا ئێستا زیاتر لە 22 هەزار کەس کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، و زیاتر لە 52 هەزار کەسیش بریندار بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا