كوشتنی عاروری و قۆناغێكی نوێی ململانێی بەرەیی.. ئایا لوبنان تێوە دەگلێت؟

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەهێرشێكدا لەبەیرووتی پایتەختی لوبنان ساڵح محەمەد عاروری، جێگری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و ئەندازیاری هێرشەكەی 7 ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو كە حەماس كردیە سەر ئیسرائیل، كوژرا. میدیای لوبنان رایگەیاند، هێرشەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و تائێستاش ئیسرائیل بە فەرمی ئەنجامدانی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

ساڵح محەمەد سلێمان عاروری ناسراو بە (ئەبو محەمەد) سەركردەیەكی دیاری سیاسی و سەربازی فەلەستین و جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كەتیبەكانی قەسام كە باڵی سەربازی حەماسە لە كەرتی ڕۆژئاوا.

هەروەها عاروری بە ئەندازیاری هێرشەكەی رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2023ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دادەنرێت.

عاروری لە ساڵی 1966 لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی و ناوەندی لە فەلەستین تەواوكردوەو، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە شەریعەتی ئیسلامی لە زانكۆی هێبرۆن بەدەستهێناوە.

زیاتر لە 15 ساڵ لە زیندانەكانی ئیسرائیل زیندانی بووە.

لە ساڵی 2010 تا مانگی تشرینی یەكەمی 2017 وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس هەڵبژێردرا.

پێشبینی دەكرێت كوشتنی عاروری ببێتە هۆی گۆڕانكاری لە دۆخی بەرەیی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل

لە 9ی تشرینی یەكەمی 2017، بزووتنەوەی حەماس هەڵبژاردنی عاروری وەك جێگری ئیسماعیل هەنیە سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ڕاگەیاند.

پێشبینی دەكرێت كوشتنی عاروری ببێتە هۆی گۆڕانكاری لە دۆخی بەرەیی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل.

كۆبوونەوەی سكرتێری گشتی حزب اللە حسن نصراللە و ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی زیاد النخالە و صالح العروری جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس

میدیای فەرمی لوبنان دەڵێت، “هێرشەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە درۆن كراوە، نووسینگەیەكی حەماسی كردووەتە ئامانج و تائێستا بەهۆیەوە شەش كەس كوژراون و 11ی دیكەش بریندار بوون”.

هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت لەكاتێكدایە كە بڕیاربوو سبەی چوارشەممە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنانی وتارێك پێشكەش بكات بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە. میدیای لوبنان دەڵێت: نەسروڵا بڕیاریداوە وتارەكەی سبەینێی دوابخات.

تائێستا ئیسرائیل بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكە رانەگەیاندووە.

حكومەتی لوبنان رایگەیاند ئەو هێرشەی ئیسرائیل تێوەگلاندنی لوبنانە لە قۆناغی نوێی ململانێكان كە بەیروت هەوڵ دەدات خۆی لێ بەدوور بگرێت

میدیای ئیسرائیلی دەڵێت: نووسینگەی ناتانیاهۆ وەزیرەكانی ئاگاداركردووە بە هیچ جۆرێك لێدوان لەبارەی هێرشەكەی بەیروت نەدەن.

حكومەتی لوبنان لای خۆیەوە رایگەیاند ئەو هێرشەی ئیسرائیل تێوەگلاندنی لوبنانە لە قۆناغی نوێی ململانێكان كە بەیروت هەوڵ دەدات خۆی لێ بەدوور بگرێت.

پێشتر ڕۆژنامەی یو ئێس ئەی تودەی ئەمەریكایی لە ڕاپۆرتێكیدا باسی لەوە كردووە ئیسرائیل ساڵح عاروری دەكاتە ئامانج بەهۆی ئاگاداربوونی لە وردەكاری هێرشە گەورەكەی حەماس لە 7 ی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل، جگە لەوە بە بازنەی پەیوەندی نێوان حەماس و حزبوڵڵا و ئێران دادەنرێت.

جێی ئاماژەیە عاروری، لە ساڵی 2015 وە لە لایەن حكومەتی ئەمەریكاوە لە نێو لیستی تێرۆردایە بەهۆی بەرپرسیارێتی ناوبراو لە ڕفاندن و كوشتنی 3 نەوجەوانی ئیسرائیلی كە یەكێكیان ڕەگەزنامەی ئەمەریكایی هەبوو.

دوای بەئامانجگرتنی ساڵح عاروری جێگری سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەرپرسێكی ئەو وڵاتە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە بەرەی باكوور لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی، ئامادەین.
لەلایەكی دیكەوە، رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی رایگەیاندووە، پۆلیسی ئیسرائیل هۆشداری لە دووبارە دزەكردن و هێرشی چەكدارانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل دەدات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا