پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەسەر پێشنیازی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، ژمارەیەک مارکێت لە شاری سلێمانی نرخی خۆراک و کەلووپەلی پێویستیی هاوڵاتییان هەرزان دەکەن و لە ساڵی ئایندەشەوە نرخی سەموون و نان دادەبەزێت.
بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانیی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک مارکێک و زنجیرە مارکێتی شاری سلێمانی ئەنجامدا و بەڵێنی ئەوەمان لێوەرگرتوون نرخی خۆراک و پێداویستییەکانی رۆژانەی هاوڵاتییان هەرزان بکەن”.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی دەڵێت، مارکێتەکانی،فامیلی مۆڵ، ماجدی مۆڵ، شۆو مارکێت، زنجیرە مارکێتەکانی نوا و مارکێتی سەفرە لە شاری سلێمانی، ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ دابەزاندنی نرخەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان هیچ شوێن و لایەنێک ناچارناکەن کار بە پێشنیازەکەیان بکەن، بەڵکو ئەوان وەکو هاوکارییەکی مرۆیی و لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتییان ئەو داوایەیان ئاراستەی بەشێک لە مارکێتەکان کردووە و بەشێکیان پێشوازییان لە پێشنیازەکە کردووە.
ئەو کەلووپەلانەی کە بڕیارە نرخەکانیان دابەزێت پێکدێن لە پێداویستییە خۆراکییەکانی هاوڵاتییان وەکو، برنج، رۆن، زەیت، شەکر، چا و چەندین کەلووپەل و پێداویستی تر.
لەکۆتایی قسەکانیدا، بڵند ئەحمەد هەواڵێکی دڵخۆشکەر دەدات بە هاوڵاتییان و دەڵێت، “بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە بەدەستمان گەیشتووە، لە ساڵی ئایندەوە ئارد بۆ سەموونخانە و نانەواخانەکان دابین دەکرێت بە نرخی پاڵپشتیکراو و نرخی نان و سەموون هەرزان دەبێت و 10 نان دەبێت بە هەزار دینار”.